عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک داوای "پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران" دەکەن

22-03-2023
شیراز رەئوف
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک هۆشداری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەدەن و دەڵێن، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بەمجۆرەی ئێستا بێت و هەموار نەکرێتەوە و "تۆماری دەنگدەران پاک نەکرێتەوە"، ئەوا هەموو رێکارێک دژی پرۆسەکە دەگرنەبەر.
 
ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێکی هاوبەشیان خوێندەوە و لە بەشێکیدا ئاماژەیان بەوە داوە کە "لە کاتێکدا پێکهاتەکانی کەرکووک چاویان لەوەیە بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2005ەوە مافە دیموکراسییەکانیان ئەزموون بکەن و ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێرن، هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک بە تووندی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان رەت دەکەنەوە، ئەگەر هەمواری نوێ و بڕگەی 35ی تێدا نەبێت کە تایبەتە بە تۆماری دەنگدەران."
 
بە گوتەی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک، "دیمۆگرافیای کەرکووک گۆڕانکاری تێدا کراوە و ناوی 300 هەزار دەنگدەری ناوچەکانی دیکە خزێندراوەتە ناو تۆمارەکەوە" و دەڵێن: "پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005ەوە هیچ پرۆسەیەکی دەنگدانی تێدا نەکراوە، ئەوەش بەهۆی زاڵبوونی لایەنێكی نەتەوەیی لەم پارێزگایە، بە دیاریکراوی دوای ئەوەی روون بووەوە کە ناوی 300 هەزار کەس لە دەرەوەی کەرکووک لە تۆمارەکانی وەزارەتی بازرگانی و کارتی بەشە خۆراکی مانگانەی کەرکووک هەیە. ئەوەش گۆڕینی دیمۆگرافیای لە بەرژەوەندی لایەنێکی نەتەوەیی لێکەوتەوە." 
 
عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک هەڕەشەی گرتنەبەری "هەموو رێکارێک" بەرامبەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن، ئەگەر بڕگەی تایبەت بە تۆماری دەنگدەران لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا هەموارنەکرێتەوە، ئەوە جگە لە پێداچوونەوە بە نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکان.
 
"هەردوو نەتەوەی عەرەب و تورکمان داوا لە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان دەکەن بڕگەی 35 بخەنە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە و بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی و بەشە خۆراک لە دانانی تۆماری دەنگدەران بکەنە مەرج، ئەوەش بە مەبەستی دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە خەڵکی کەرکووک نین و سەر بە پارێزگاکانی دیکەن تاوەکو تەنیا خەڵکی رەسەنی کەرکووک بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن. هۆشداری دەدەین لە تێکدانی پێکەوەژیانی دانیشتووانی کەرکووک و جەخت لە مافی کەرکووکییەکان دەکەینەوە لە بەجێگەیاندنی مافە دیموکراسییەکانیان لە هەڵبژاردنی دادوەرانە؛ هەروەها گۆڕینی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کەرکووک کە لە ساڵی 2005ەوە لەلایەن یەک نەتەوەوە کۆنترۆڵ کراوە. هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە ئەگەر پێشێلکردنی مافەکانیان هەموو رێگەیەکی یاسایی دەگرنەبەر"، لە راگەیێندراوی هاوبەشی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک بەو جۆرە هاتووە.
 
بڕگەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تایبەتە بە پارێزگای کەرکووک و بەپێی بڕگەکە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران لەسەر بنەمای پسووڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی دەبێت و ئەوانەی ئەو دوو بەڵگەنامەیان وەك یەك نەبێت، ئەوا ناوەكانیان لە تۆمارەكە دەسڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە