موسا ئەحمەد: مەولوود چاوشئۆغڵو بەڵێنی دا بکوژانی ماڵباتەکەی جندرێس بە سزای یاسایی بگەیێنن

22-03-2023
سیروان عەباس
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و، سوپاسی سەرۆکی دەزگاکەی کرد، لە بەرامبەر ئەو هاوکارییانەی دەزگاکە پێشکێشی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات کردووە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت: "مەولوود چاوشئۆغڵو بەڵێنی دا بکوژانی ماڵباتەکەی جندرێس بە سزای یاسایی بگەیێنن."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی ئاداری 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نووسینگەی تایبەتیی خۆی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەیاندنی هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوبات "بەرز نرخاند".
 
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، "ئێمە دەمانەوێت سەرەڕای ئەو کارانەی رۆژانە لە ئورفا، دیاربەکر، مەرەش و عەفرینیش دەیانکەین، وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی مۆڵەتی کارکردن وەربگرین و بمێنینەوە و بەردەوام کاربکەین و رێکارە یاساییەکانیشمان دەستپێکردووە."
 
موسا ئەحمەد گوتی "سوپاسی مەولوود چاوشئۆغڵو دەکەین، ئێمە لە 18ـی مانگی رابردووش بە تەلەفۆن قسەمان کرد و لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش قسەیکرد و سوپاسی دەزگای بارزانی و تیمەکانی کرد، کە یەکەم تیم بوون گەیشتنە تورکیا و باکووری کوردستان، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی کرد، هەروەها باسی سەردانەکەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و سوپاسی جەنابیان و هەموو خەڵکی کوردستانی کرد".
 
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمەش سوپاسی ئەوانمان کرد بۆ ئەو کارئاسانییانەی بۆ ئێمەیان کرد بەتایبەت بۆ گەیشتنمان بە عەفرین، چونکە ئەوان هاوکارمان بوون بۆ ئەوەی ئێمە بگەینە ئەوێ".
 
موسا ئەحمەد گوتی "پەرۆشی و پەیامی بەڕێز مەسرور بارزانیم لەبارەی ئەو رووداوەی کە دوو رۆژ لەمەوبەر لە جندرێس روویدا  گەیاند و باسی ئەوەمان کرد کە هەموومان خەمگینین، ئەویش بەڵێنیدا کە ئەوانەی تاوانەکەیان کردووە بە سزای یاسایی و دادپەروەرانەی خۆیان بگەن".
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 20-03-2023 گرووپی ئەحرار شەرقییە کە سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نزیکن لە تورکیا، لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا تەقەیان لە هاونیشتمانییانی کورد کرد و بەهۆیەوە کۆمەڵکوژییەکیان خولقاند، کە تێیدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش برینداربوون.
 
ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانیان لەدەستدا، چوار کەسی یەک خێزان بوون بە ناوەکانی (فەرحەدین عوسمان تەمەن 43 ساڵ، محەممەد عوسمان 42 ساڵ، نەزمی عوسمان 38 ساڵ و محەممەد فەرحەدین عوسمان، 18 ساڵ). 
 
بە گوتەی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەسەر راسپاردەی وەزیری دەرەوەی تورکیا سبەی لەگەڵ دەزگای ئافاد کۆدەبێتەوە و "کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت، چونکە شێوازی خزمەتکردنمان گۆڕاوە و دەمانەوێت هاوئاهەنگی باشتر بگەیێنینە خەڵک".
 
مه‌ولوود چاوشئۆغڵو له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تیى خۆى له‌ تویته‌ر نووسیویەتی، "به‌هۆى ئه‌و هاوكارى و هاوسۆزییه‌ى كه‌ له‌ دواى بوومه‌له‌رزه‌كان پێشکێشى توركیاى كردووه‌، سوپاسى بەڕێز موسا ئەحمەد بارزانی، سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانى، دەکەین." 
 
دوای بوومەلەرزەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند تیمێکی فریاگوزاری بە مەبەستی بەھاناوەچوونی لێقەوماوان گەیشتنە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان و چەندین کەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگار کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان چەندین بارھەڵگری کۆمەک و ھاوکاری رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکان کران. 
 
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە 18ـی ئاداری 2023، بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئەو کاتە هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە 294 هەزار و 227 خێزانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 97 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەسیش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

8 کریستیان لەسەر کورسییەکەى کۆتاى دهۆک لە پەرلەمانی کوردستان رکابەری دەکەن

8 بەربژێرى کریستیان بۆ رکابەرى لەسەر تاکە کورسییەکەی کۆتاى ئەو پێکهاتەیە لە دهۆک ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 6 بەربژێرى دیکە لەو پارێزگایە وەکو سەربەخۆ بۆ کورسیى گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.