وەزارەتی ئەوقاف: نابێت دەنگی گوتاری دوای نوێژی عەسر لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە دەربچێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان چەند رێنوێنییەکی بۆ مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی رەمەزاندا بڵاوکردەوە. بەپێی یەکێک لە رێنوێنییەکان؛ نابێت لەکاتی گوتاری دوای نوێژی عەسردا دەنگی گوتاردان لە بڵندگۆی دەرەوەی مزگەوتەکان دەربچێت. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، رێنوێنییەکان لەسەر داوای مامۆستایانی ئایینی بووە.

لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە، 22ـی ئاداری 2023، بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مانگی رەمەزان چەند خاڵێکی وەکو "رێنوێنیی شەرعی" خستووەتەڕوو. لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە، دیاریکردنی یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی رەمەزان تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنەی بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف.
 
لە خاڵی دووەمی رێنوێنییەکەدا هاتووە: "پابەندبوونی تەواو بە ئیمساکییە و خشتەکانی کاتی بانگدان لەسەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی بینراو و بیستراو".
 
لە مانگی رەمەزاندا و لەکاتی نوێژی عەسر، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکان گوتارێک دەخوێننەوە، کە بە "وەعز" دەناسرێت، لەم بارەیەوە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەبەر دۆخی رۆژووەوانان نابێت لە 20 خولەک زیاتر بخایێنێت و دەبێت دەنگەکەش نەدرێتە بڵندگۆی دەرەوەی مزگەوت؛ هەروەها دەبێت مامۆستای مزگەوتەکە پێشکێشی بکات و باس لە خواپەرستی و هەڵسوکەوت و پەروەردە بکات.
 
لە یەکێکی دیکەی خاڵەکانی وەزارەتی ئەوقافدا سەبارەت بە شەوانی قەدر وەزارەتەکە رایگەیاندووە، تەنیا لە 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزاندا دەرگەی مزگەوتەکان تاوەکو بانگی بەیانی کراوە دەبن، ئەویش بە سەرپەرشتیی پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوت.
 
وەزارەتی ئەوقاف جەختی لەوەکردووەتەوە، تەنیا پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکان بۆیان هەیە رێوڕەسمە ئایینییەکان جێبەجێ بکەن. راشیگەیاندووە: "پابەندیی تەواو [هەبێت] بە فەتوای دیاریکردنی رێژەی زەکات و سەرفیترە و فیدییە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانەوە دیاری دەکرێت".
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: رێنوێنییەکان زۆرینەی لەسەر پێشنیازی مامۆستایانی ئایینیی بووە. دەشڵێت: "لەو بڕوایەدا نین هیچ مزگەوتێک پێیەوە پابەند نەبێت".
 
رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە. لە هەرێمی کوردستان 5 هەزار و 800 مزگەوت هەن و رێنوێنیی لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.