شۆفێرێکی تەکسی: سێجار بە دەوری بەنزینخانەکەدا سوڕاومەتەوە، هێشتا نۆرەم نەهاتووە


رووداو دیجیتاڵ

نۆرەگرتنی هاووڵاتییان لە هەولێر بۆ وەرگرتنی بەنزینی 690 دیناری تاوەکو دێت زیاتر دەبێت، بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە نۆرەدا دەوەستن تاوەکو بەنزینیان دەستدەکەوێت، ئەوەش بەشێک لە خەڵکی نیگەرانکردووە.
 
لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا نۆرەگرتنێکی دوور و درێژ دەبینن کە خەڵکێکی زۆر بۆ وەرگرتنی بەنزین چەندین کاژێر لە نۆرەدا دەوەستن، ئەوە لە کاتێکدایە بڕیارە لە 24ـی ئەم مانگەوە وەرگرتنی بەنزینی 690 دیناری لە هەولێر ببێتە کۆبۆن.
 
ساڵح عەزیز، شۆفێری تاکسییە لە هەولێر و بە رووداوی گوت، "نزیکەی سێ کاژێرە لە نۆرەی بەنزیندا وەستاوم، ئەوە دووەمجارمە بە دەوری بەنزینخانەکەدا دەسوڕێمەوە و هێشتا بەرمنەکەوتووە."
 
خالید حەمەساڵح، مامۆستای خانەنشینە و لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین باسی لەوە کرد، "ئەمە سێیەم جارمە بەدەوری بەنزینخانەکەدا دەسووڕێمەوە و هێشتا بەرمنەکەوتووە."
 
شۆفێرانی تەکسی بەدەست گرانیی نرخی بەنزینەوە زیاتر گیرۆدەن، نان و قوتی ئەوان لەسەر سووتاندنی ئەو بەنزینەیە کە بە ئەستەم و چاوەڕوانییەکی زۆر دەستیاندەکەوێت.
 
خالیس عەبدوڵڵا، شۆفێرێکی دیکەی تەکسییە و گوتی، "لە کاژێر 06:45 بەرەبەیان هاتوومەتە ئێرە، هەیە لە کاژێر 1ـی شەوەوە هاتووەتە ئێرە، نەورۆزەکەشمان لە نەورۆز ناچێت." 
 
کێشەی دابەشکردنی ئەو جۆرە بەنزینەش لە بەشێکی بەنزینخانەکانی هەولێر هەیە، لە یەکێک لە بەنزینخانەکان، خاوەنەکەی دوای ئەوەی بە شۆفێرەکان دەڵێ بەنزین نەماوە، شۆفێرەکان باوەڕ بەو قسەیە ناکەن و دەڵێن، هەر زوو پەمپی بەنزینەکەی بەسەردا کوژاندوونەتەوە.
 
رێباز کامەران، شۆفێری تەکسی باسی لەوە کرد، "کاژێر 11 دەڵێن بەنزین نییە، خەڵک لە کاژێر 8ـی بەیانییەوە نۆرەی گرتووە."
 
لە کەرکووکیش وا چەند رۆژێکە نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی بەنزینی 450 دیناری دەستیپێکردووە، لەو شارە بە کۆبۆن بەنزینەکە دابەشدەکرێت.
 
محەممەد ئەحمەد، شۆفێرە و دەڵێت، "بەنزین هەیە بە کۆبۆن دابەشدەکرێت بە 450 دینارە، هەیە بێ کۆبۆن دابەشدەکرێت بە 650 دینارە و بەنزینی ئەهلیش هەیە بە سەروو هەزار دینارە هەر وەک هەولێر و سلێمانی."
 
گرانبوونی نرخی نەوت لە جیهان و نەبوونی هۆیەکانی دیکەی گواستنەوە، ئەو قەیرانەی دروستکردووە، قەیرانێک کە نوێ نییە و ساڵانە چەندین جار روو دەدەن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە سەروو هەزار دینارەوەیە.