بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەست بەسەر دوو ملیۆن و 500 هەزار حەبی قەدەخەکراودا دەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئاساییشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، دەستیان بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو حەبی کاپتاگۆندا گرتووە کە بە قاچاخ لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە هێنرابوون بۆ ئەوەی بنێردرێنە عێراق.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22-03-2022 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، کێشی حەبەکان 438 کیلۆگرامن و ژمارەیان 2 ملیۆن و 570 هەزار و 580 حەب بووە. کاپتاگۆن دەرمانێکی وزە بەخشی هەرزانە و لەنێو بەشێک لە گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکانی ناوچەکەوە بە بەربڵاوی بەکاردەهێندرێت؛ حەبەکە وا دەکات مرۆڤ نەخەوێت و هەست بە ترس نەکات. ئەوە یەکەمین جارە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەست بەسەر بڕێکی هێندە زۆری ئەو حەبە قەدەخەکراوەدا دەگیرێت. 
 
بە گوێرەی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەو حەبانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە بە قاچاخ براونەتە نێو سنووری بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ئەوەی لەوێوە ببرێنە عێراق. 
 
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسیان لەوە کرد، حەبەکان بە شارەزاییەوە لەنێو کەرەستەی بیناسازیی وەکو گرانیت و سرامیکدا شاردرابوونەوە. 
 
بەرپرسێکی ئەمنیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو حەبانە لە کۆگەیەکی شاری قامشلۆ دەستی بەسەردا گیراوە. 
 
کاپتاگۆن ناوی براندی دەرمانی فێنێتیلینە کە بە نایاسایی دروستدەکرێت، بە زۆریش لە لوبنان و سووریا. 
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی شیکاری و لێکۆڵینەوەی ئەوروپی کە لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پاڵپشتی دەکرێت لە ساڵی 2020ـدا "کۆی گشتیی هەناردەی کاپتاگۆن لە سووریاوە گەییشتە لانیکەم 3.46 ملیار دۆلاری ئەمریکی".
 
دەستبەسەرداگرتنی ئەو حەبانە لە زیادبووندایە، بە جۆرێک کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 50 ملیۆن حەب لە سەرانسەری ناوچەکە دەستیان بەسەرداگیراوە.