ڤیدیۆی ساتی خنکانی گەنجەکە لە زێی بچووک

رووداو دیجیتاڵ

دوای حەوت ساڵ لە رزگاربوونی لە تەقینەوەیەک لە بەغدا کە تێیدا باوکی کوژرا، گەنجێکی هەڵەبجەیی رۆژی یەکشەممە لە ئاوی دووکان خنکا و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
 
عەبدوڵڵا عەبدولخالق ئەحمەد، لەدایکبووی 1998 بوو و تەمەنی 22 ساڵ بوو. دووساڵ لە زانکۆی زاخۆ لە بەشی زانستە گشتییەکان خوێندوویەتی و پاشان گواستراوەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی لە بەشی کیمیا. رۆژی یەکشەممە 21-3-2021 لەگەڵ خێزانەکەی وەک زۆربەی هاونیشتمانیان چوونە سەیران بەڵام گەشتەکەیان لێ بووە شین و یەکەم رۆژی نەورۆز لای ئەوان وەک بیرەوەرییەکی ناخۆش تاهەتایە دەمێنێتەوە.
 
رووداوەکە چۆن روویدا؟
 
کەسێکی خێزانەکەی عەبدوڵڵا عەبدولخالق ئەحمەد لەبارەی رووداوکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەنجەکە بۆ مەلەکردن چووەتە نێو رووباری دووکان لە نزیک گوندی سوورقاوشان. دایکی زۆر داوای لێکردووە کە مەلە نەکات بەڵام ئەو هەر پێداگربووە. لەناکاو لەبەرچاویان ونبووە و نەماوە.
 
لەوکاتەدا خاڵی عەبدوڵڵا کە ناوی ئەحمەد حوسێنە و لەدایکبووی 1976ـە دەچێتە نێو رووبارەکە بۆ ئەوەی رزگاری بکات، بەڵام نایدۆزێتەوە. بەگوتەی شایەتحاڵێک کە ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە ، ئەگەر ئەو خەڵکەی لەوێن فریای خاڵیشی نەکەوتنایە ئەویش دەخنکا. بەگوتەی کەسوکارەکەی بۆ رووداو، تاوەکو ماوەیەک دوای دەرهێنانی خاڵی لە رووبارەکە، دۆخی تەندروستیی باش نەبووە.
 
تەرمەکەی هێشتا نەدۆزراوەتەوە
 

سەرباری خەمی لەدەستدانی کوڕەکەیان ونبوونی تەرمەکەی خەمی ئەو خێزانەی دوو هێندەکردووە. ئەگەرچی رۆژی رابردوو سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان رایگەیاندبوو کە ئاوی دووکان دەگرنەوە بۆ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە.
 
خێزانی ئەو گەنجە گلەیی لە نەبوونی پێداویستیی تایبەت بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی دەکەن و دەڵێن، سەرەتای رووداوەکە هیچ کەس یان تیمێک نەبووە کە فریایان بکەوێت یان خێرا بەدوای تەرمەکەی بگەڕێت. ئەو ئەندامەی خێزانەکەی کە قسەی بۆ رووداو دەکرد دەڵێت، دوای ئەوەی غەواسەکان هاتن داوای 2000 دۆلاریان دەکرد بۆ ئەوەی بەدوای تەرمەکەی بگەڕێن و مامەڵەکردنیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، هێندەی دیکە گەڕانەکەی دواخست.
 
عەبدوڵڵا پێشتر لە رووداوێک رزگاری بووە کە باوکی تێدا کوژراوە
 

باوکی عەبدوڵڵا کە ناوی عەبدولخالق ئەحمەدە، ئەندازیار بووە و یەکێک بووە لە یاریزانە باشەکانی شەترەنج لە عێراق. ئەم خێزانە کە خەڵکی عەبابەیلێی هەڵەبجەن، تاوەکو ساڵی 2000 لە بەغدا ژیاون و بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری عێراق هاتوونەتەوە کوردستان و لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی نیشتەجێن. 
 
7 ساڵ پێش ئێستا باوکی بۆ یاریی شەترەنج چووەتە بەغدا و عەبدوڵڵاشی لەگەڵ خۆی بردووە لەکاتی گەڕانەوەیان TNT بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەتەقێتەوە و باوکی دەکوژرێت و عەبدوڵڵا بریندار دەبێت. عەبدوڵڵا برایەکی دیکەی هەیە کە لەخۆی بچووکترە و دوو خوشکیشی هەیە.
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی خێزانەکەی، عەبدوڵڵا جلی بۆ ئاهەنگی دەرچوون لە زانکۆ ئامادەکردبوو و رۆژێک پێش رووداوەکەش بۆ رۆژی دایک دیارییەکی پێشکێش بە دایکی کردبوو. ئێستا خێزانەکەی داوا دەکەن تەرمی کوڕەکەیان بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی خەمەکەیان تەنیا لەدەستدانی کوڕەکەیان بێت نەک ونبوونی تەمەکەش بێتە سەرباری.
 
بۆچی تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە؟
 
رێژین رەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گوندەی رووداوەکەی تێدا روویداوە لە دەرەوەی سنووری گەشتوگوزاری دووکانە. بەپێی رێنماییەکان مەلەکردن لە رووباری دووکان قەدەخەیە. تێمەکانی بەرگریی شارستانی رۆژی رابردوو بەسەر دەریاچەی دووکان و رووباری دووکان دابەشکرابوون بۆ ئەوەی لە ئامادەباشیدا بن بۆ ئەگەری هەر رووداوێک.
 
سەبارەت بە گلەییەکان بۆ نەبوونی تیمی فریاکەوتن لەشوێنی رووداوەکە رێژین رەئووف گوتی، رووداوەکە لە گوندی سوورقاوشان روویداوە کە دەکەوێتە خوارووی دووکان و ئەو شوێنەی کە ئاوی دووکان بەرەو تەقتەق دەڕوات. لە سنووری پارێزراو دووربووە بۆیە تیمەکان درەنگ گەیشتوونەتە شوێنەکە.
 
سەبارەت بە هۆکاری نەدۆزرانەوەی تەرمەکەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان گوتی، ئاوی دووکان زۆر ساردە و زۆریش قووڵە، بۆیە بە ئاسانی نادۆزرێتەوە و کاتی دەوێت. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە گەڕان بەدوای تەرمەکەی بەردەوامن. گرتنەوەی ئاوی دووکان زۆر کارێکی قورسە، بەڵام بۆ ئەوەی تەرمی ئەو گەنجە بدۆزرێتەوە قایمقام بڕیاری گرتنەوەی ئاوەکەی داوە.
 
رێژین رەئووف رەتیدەکاتەوە کە بۆ دەرهێنانی تەرمی ئەو گەنجە داوای هیچ بڕە پارەیەک کرابێت و دەڵێت "هیچ رێنماییەک بۆ وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر دۆزینەوەی تەرم لەنێو رووباری دووکان نییە و بێ ئاگام لە شتی وا ئەگەر کرابێت.