رووداو دیجیتاڵ
نادیە موراد کە باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ڤاتیکان دەڵێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بابەتی بەکۆیلەکردنی بە هەند وەرنەگرتووە.
نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەڵێت: "هێشتا 2800 منداڵ و ژنی کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن. هەروەها تووندوتیژیی سێکسی و بەکۆیلەکردن لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهەند وەرنەگیراوە."
لەبارەی ژنان و منداڵانی کوردی ئێزدییەوە نادیە موراد دەڵێت، ئەوان هێشتا پێویستیان بەهاوکارییە و بە تەنیا ناتوانن ژیانی خۆیان بونیاد بنێنەوە، ئەوەیش دوای ئەو دۆخە دەروونییەی بۆیان دروستبووە.
نادیە موراد لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو سەردانە هیوایەکی بۆ عێراقییەکان بە گشتی گەڕاندەوە و پەیامەکانی ئەویش رێگەیەکن بۆ ئاشتی و ئازادیی ئایینی و پێکەوەژەیانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان.
ئەو کچە کوردە ئێزدییە پێیوایە، سەردانەکەی پاپا فرانسیس نەک هەر خۆی مێژوویی بوو، بەڵکو کاتەکەیشی مێژوویی بوو، چونکە لە کاتێکی زۆر سەختدا توانیی سەردانی عێراق بکات.
نادیە موراد پێشتر لە ساڵی 2018دا چاوی بە پاپا فرانسیس کەوتووە و هەر ئەو کاتەیش کۆپییەکی کتێبەکەی بە دیاری داوەتێ کە تایبەتە بە ژیاننامەی خۆی وەک کچە کوردێکی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش. پاپایش لەبارەی چاوپێکەوتنەکەیەوە لەگەڵ نادیە موراددا گوتبووی، لە ناخەوە کاریگەریی لەسەر هەبووە.
ئەو کچە کوردە ئێزدییە دەڵێت: "من پێشتریش لەگەڵ پاپا بە درێژی باسی ئێزدییەکان و ئازار و مەینەتییەکانیانم کردووە. هەروەها باسی ئەو تووندوتیژییانەمان کردووە کە بەرامبەر ئێزدییەکان کران. پەیامەکانی ئەویش لە عێراق هیوایەکن بۆ ئەوەی قبووڵکردنی ئایینەکان ببێتە پاڵپشتیکار لە پێکەوەژیان و چارەسەرکردنی برینی هەموو پێکهاتەکانی عێراق و ئێزدییەکان کە رووبەڕووی تووندوتیژی و فەرامۆشکردن بوونەتەوە."
میدیای ڤاتیکان لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ نادیە موراددا باسی لەوەیش کردووە، پاپا فرانسیس گوتوویەتی یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە سەردانی عێراق بکات خوێندنەوەی کتێبی "دوایین کچ"ـی نادیە موراد بووە.
نادیەیش ئاماژە بەوە دەدات کە خۆشحاڵە کە کتێبەکەی ئەو وایکردووە پاپا فرانسیس پەیامی پاراستنی کوردانی ئێزدی بۆ عێراق بنێرێت و دەیشڵێت، پەیامەکەی پاپا فرانسیس نموونەیەکە بۆ سەرکردە ئایینییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی پەیامی لێبووردەیی بەرامبەر پێکهاتە ئایینییەکانی وەک ئێزدی بەهێزتر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ