ئاگری نەورۆز چەندین سەدەیە خۆڕاگری کورد نیشاندەدات

22-03-2017
ئەیوب نووری
جلوبەرگ، میوزیک و ئاڵای شەکاوەی کوردستان نیشانەی نەورۆزن
جلوبەرگ، میوزیک و ئاڵای شەکاوەی کوردستان نیشانەی نەورۆزن
نیشانەکردن نەورۆز
A+ A-

رووداو - هەولێر

نەورۆز واتە روژێکی نوێ، بەڵام دەستپێکی ساڵێکی نوێیە. کۆتایی سەرمای زستان و سەرەتای ژیانە.

چیرۆکەکان دەگێڕنەوە، لەم رۆژەدا ئاسنگەرێکی کورد بە چەکووشەکەی دەستی، سەری ستەمکارێکی پان کردووەتەوە و گەلەکەی خۆی ئازاد کردووە.

 ئەو ئاگرەی ئەو سەردەمە لەسەر لووتکەی چیا بەرزەکان کرایەوە بۆ گەیاندنی ئەو موژدەیە، ساڵ لەدوای ساڵ لەنەوەیەکەوە گوازراوەتە بۆ نەوەیەکی دیکە.

نەورۆز رۆژێکی خۆشە. ئاهەنگی زیندوومانەوەیە. لە کوردستان هیچ شوێنێک لەشاخەکان گونجاوتر نییە بۆ دەربڕینی ئەو هەستە. شاخەکان دیمەنی جوان و دڵگیر دابیندەکەن بۆ نەورۆز، هەروەکو چۆن ساڵەهای ساڵە پەناگەیەکی ئارامیش بوون بۆ گەلی کورد.

جلوبەرگ و میوزیک و ئاڵای شەکاوەی کوردستان، نیشانەی نەورۆزن. نەورۆز هەروەها بووەتە سەرچاوەی هونەر و ئەدەب، هەمیشە ناوێکیش بووە بۆ کوڕان و کچانی تازە لەدایک بوو.

بەڵام نەورۆز تەنها ئەوە نییە کە بەچاو دەبینرێ. نەورۆز نیشانەی خۆڕاگرییە. سەردەمێکی دوورودرێژ، ئەوەی پەیوەندی بەم بۆنەیەوە هەبوو قەدەخە بوو. کوردیش باجێکی گەورەی دا بۆ کردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەو ئاگرە.

سەرەڕای ساڵانێک دابڕان و دابەشبوون و ئاوارەیی، نەورۆز نەتەوەی کوردی پێکەوە گرێداوە. ئاگری سەر لووتکەی چیاکانیش سنوورەکان ناخوێنێتەوە. هەموو بەربەستەکان دەبڕێ و خزم و گەل یەکدەخات.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە