پارێزگاری کرماشان: دەکرێت هەورامان ببێتە جەمسەری کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، ناوچەی هەورامان بە تایبەتمەندییە سرووشتی و کولتوورە سەرنجڕاکێشەکانییەوە دەکرێت ببێتە جەمسەری کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە، بۆیە لە پلانیاندایە ساڵی داهاتوو گرنگییەکی زیاتر بەو ناوچەیە و بەتایبەت شاری پاوە بدەن.

محەممەدتەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رۆژی چوارشەممە سەردانی شاری پاوە و ناوچەی هەورامانی ئەو پارێزگایەی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک خەڵک و پیاوماقووڵی ناوچەکە کۆبووەوە، لە کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەی کۆڵییەوە. محەمەدتەیب سەحرایی لە رێوڕەسمێکدا لە گوندی هەجیج پڕۆژەی گەیاندنی گازی ماڵان بە بۆری بۆ حەوت گوندی ناوچەکە کردەوە.
 
سەحرایی باسی تایبەتمەندی و گرنگیی ناوچەی هەورامانی کرد و رایگەیاند، ناوچەی هەورامان بە تایبەتمەندییە سرووشتی و کولتوورییە سەرنجڕاکێشەکانیەوە دەتوانێت ببێتە جەمسەری کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە، بۆیە لە پلانیاندایە ساڵی داهاتوو گرنگییەکی زیاتر بەو ناوچەیە و بە تایبەت شاری پاوە بدەن.
 
سەحرایی گوتی، یەکێک لە گرنگترین دەرفەتەکانی پارێزگای کرماشان بۆ گەشەسەندن، کەرتی گەشتیارییە کە لە ساڵی داهاتوودا سەرنجی زیاتری دەخرێتەسەر و کاری زیاتری لەسەر دەکرێت. گوتیشی، "پارێزگای کرماشان بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر رێگەی گۆڕانکاری، پێشکەوتن و گەشەی ئابووری و کولتووری، پێویستی بە داینامۆیەک هەیە و کەرتی گەشتیاری دەتوانێت ئەو رۆڵە بگێرێت."
 
پارێزگاری کرماشان هەروەها ئاماژە بە بوونی شەش دەروازەی سنووریی و بازاڕچەی سنووریی لەو پارێزگایە کرد و روونیکردەوە، رێکخستن و بەهێزکردنی ئەو دەروازە سنوورییانە و بەکارهێنانیان دەکرێت ببێتە دەرفەتێکی زۆر گونجاو و باش بۆ گەشەپێدانی گەشتیاریی لە پارێزگاکە، بەڵام تائێستا بە باشی سوود لەو دەروازە سنوورییانە وەرنەگیراوە.
 
محەممەدتەیب سەحرایی، باسی کۆڵبەری لەسەر سنوورەکانی پارێزگای کرماشانیش کرد و گوتی: "کۆڵبەری رێگەچارەیەکی کاریگەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵکو دەبێت کۆڵبەران لە چوارچێوەی بازاڕچەی سنووریدا چاڵاکی بکەن، بۆ ئەوەی کەسایەتییان پارێزراو بێت. بۆ ئەمەش رۆڵی کەسایەتی و پیاوماقولانی ناوچە سنوورییەکان گرنگە."
 
محەممەدتەیب سەحرایی باسی لەوەشکرد وەزارەتی ناوخۆی ئێران لەو بڕوایەدایە کە دەبێ سوودی سنوورەکان بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بێت و گوتی: "نابێت بازاڕچە سنوورییەکان تەنیا لە بواری کڕین و فڕۆشتنی کەلوپەلدا چاڵاک بن، بەڵکو دەبێ لە هەموو بوارەکانی ئابووریدا چالاک بن."