ئەو هاونیشتمانییەی یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجەی پێبەخشرا: دوو جار خێزانەکەمم لەدەستداوە

22-02-2024
سیروان عەباس
ساتی بەخشینی تابلۆکە بە ئومێد لەلایەن مەسرور بارزانییەوە.
ساتی بەخشینی تابلۆکە بە ئومێد لەلایەن مەسرور بارزانییەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو هاونیشتمانییەی یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پێبەخشرا، دەڵێت، "دوو جار خێزانەکەمم لەدەستداوە" و "لە تۆپباران، کیمیاباران و ئەنفال رزگارم بووە." 
 
بەیانیی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە هەڵەبجە و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، لە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە تاجەگوڵینەی لەبەردەم سیمبولی شەهیدان دانا. وێستگەی دووەمی سەردانی سەرۆکوەزیران، باڵەخانەی پارێزگای شارەکە بوو، دواتر چووە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و لەوێ یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە (23 A10000)ی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەکی شارەکە بەخشی.
 
ئومێد حەمەعەلی، ئەو هاونیشتمانییە بوو کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تابلۆکەی بە دیاری پێشکێش کرد. 
 
چیرۆکی ئومێد
 
ئومێد لە ساڵی 1973 لەدایکبووە، کاتێک تەمەنی یەک ساڵ بووە، حکومەتی بەعس بۆردوومانی ناوچەکە دەکات و گولـلە تۆپێک بەر ماڵیان دەکەوێت، لەو رووداوە، تەنیا خۆی و باوکی رزگاریان دەبێت، دایک و خوشک و براکانی شەهید دەبن.
 
ئومید لەبارەی ئەو رووداوەوە بە رووداوی گوت: "لەو کاتەدا من تەمەنم تەنیا یەک ساڵ بووە، لەکاتی رووداوەکەدا، لە باوەشی دایکم بووم، کاتێک گولـلە تۆپەکە بەر ماڵمان کەوتووە، دایکم بووەتە قەڵغان بۆ من، خۆی شەهید بووە و منیش رزگارم بووە".
 
ئومێد دەڵێت: "دوای شەش ساڵ، باوکم هاوسەرگیریی دەکاتەوە و خێزان پێکدێنێتەوە و منیش دەبمەوە بە خاوەنی خوشک و برا، بەڵام لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە 16-03-1988، جارێکی دیکە خێزانەکەم لەدەست دەدەمەوە".
 
ئومێد و خێزانەکەی، دەچنە  نێو ئۆتۆمبێلێک بۆ ئەوەی لە هەڵەبجە بچنە دەرەوە و خۆیان رزگاربکەن، بەڵام لەبەر کاریگەریی کیمیایی، توانایان نامێنێت و زۆربەیان شەهید دەبن "پاسداری ئێرانی هاتنە سەر ئۆتۆمبێلەکە، کە بینییان من ماوم، بە کۆپتەر رەوانەی ئێرانیان کردم بۆ چارەسەر".
 
لەنێو تەرمخانە دەریدێننەوە
 
ئومێد حەمەعەلی دەڵێت: "لە نەخۆشخانەیەکی ئێران چارەسەر دەکرام، بەڵام تەندروستیم بە جۆرێک خراپبووە، براومەتە نێو مردووخانە، بە رێککەوت کەسێک هەست بە جووڵەیەکم دەکات، بۆیە دەمبەنەوە بۆ هۆڵی چارەسەر و رزگار دەکرێم".
 
دوای ماوەیەکی زۆر لە ئێران، ئومێد هێواش هێواش بەرەو باشبوون دەچێت و بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە بۆ هەڵەبجە. "سەدام لێبووردنی بۆ دەرکردبووین، سەرەڕای ئەوەی دەمانزانی سەدام دڕندەیە و جێگەی متمانە نییە، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر بیری خێزان و کەسوکارمان دەکرد، بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ هەڵەبجە."
 
"پێش گەیشتنم بە هەڵەبجە ئەنفالکرام"
 
ئومێد بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکە تراژیدیاکەی ژیانی و دەڵێت، کاتێک لە سنوور پەڕینەوە، سەربازانی عێراق، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازییان راگرتبوو، "زۆر بە ناشرینی مامەڵەیان لەگەڵ کردین، بێئەوەی گوێ بە هیچ شتێک بدەن، بە زەبر سواری ئۆتۆمبێلەکانیان کردین و بردینیان بۆ نوگرە سەلمان و ئەنفالیان کردین."
 
ئومێد دوای ئەوەی سێ جار لە مەرگ رزگاری دەبێت، لە ساڵی 2003 هاوسەرگیری دەکات و لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێت، بەڵام بەهۆی کاریگەریی کیمیایی لەسەر جەستەی، سێ منداڵیان بە مردوویی لەدایک دەبن؛ "ئێستاش چاو و سییەکانم نەخۆشن و پێویستم بە چاودێری و چارەسەری بەردەوامە".
 
لەبارەی یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێی بەخشراوە دەڵێت، "دیارییەکی بە نرخە و دڵخۆشم پێی، خۆشترە لە ئۆتۆمبێلێکی نوێی ببەستم، بەڵام ئەو توانایەم نییە و دەبێ لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆمی ببەستم."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە قەزای شنگالەوە. وێنە: رووداو

سەرژمێرى لە هەندێک ناوچەى کێشە لەسەرى نەینەوا دواکەوتووە

بەهۆى دواکەوتنى ئامادەکارییەکان و کەمى تیمەکان، سەرژمێرى لە چەند گوندێکى ناوچە کوردستانییەکانى پارێزگاى نەینەوا تەواو نەبووە. لە قەزاى شێخان بۆ 900 خێزان یەک بژمێر دانراوە، ئەوە لە کاتێکدا پارێزگارى نەینەوا دەڵێت: "سەرژمێرى خێزانەکان 100% تەواو بووە و تەنیا ناردنی زانیارییەکان ماوە".