کەجەکە بۆ پێشمەرگە: لە بنکەکانی سوپای تورکیا دوور بکەونەوە

22-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە لە راگەێیندراوێکدا پەیامێک ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "جارێکی دیکە هۆشداریی دەدەین، سەرجەم هێزەکان بە تایبەتی پێشمەرگە دەبێت لە سوپای داگیرکەری تورک و بنکەکانیان دووربکەونەوە."
 
هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە بۆنەی هێرشی رۆژی 17ی شوباتی 2024ی گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لە دژی هێزەکانی سوپای تورکیا لە چیای جوودی، ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا رایگەیاند، لەو هێرشەدا کە لە ژێر ناو "ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیان" ئەنجامدرا، گورزێکی قورسیان لە سوپای تورکیا وەشاندووە و دەوڵەتی تورکیایان رووبەڕووی شکستێکی گەورە کردووە.
 
کەجەکە پەیامێک ئاراستەی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "ئێمە پێشتر بە پێشمەرگەکانمان گوتبوو، کە لە بنکەکانی سوپای تورک دووربکەونەوە، جارێکی دیکە ئەم هۆشدارییە دووبارە دەکەینەوە، سەرجەم هێزەکان بە تایبەتی پێشمەرگە دەبێت لە سوپای داگیرکەری تورک و بنکەکانیان دووربکەونەوە، هیچ کەس نابێت پشتیوانی و هەماهەنگیی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە - مەهەپەی فاشیست بێت بەرامبەر بە گەلی کورد، یاخود نابێت پاڵپشتی لەو سیاسەتانە بکەن."
 
کەجەکە باسی سیاسی حکومەتی ئێستای تورکیا دەکات و دەشڵێت، ئەو سیاسەتانە بێجگە لە "بەرەو هەڵدێربردنی تورکیا بەرەو کارەسات" هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێناکەوێتەوە.
 
ئاماژە بە سیاسەتکردنی تورکیا لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ کوردەکان دەکات و دەڵێت، ئەو سیاسەتە زۆرترین زیانی بە تورکیا و گەلانی گەیاندووە. داوا لە رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانی "خاوەن ویژدان و بەرپرسیار"ی تورکیاش دەکات، راستیەکان بۆ خەڵک و کۆمەڵگە بخەنەڕوو.
 
لە راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا هەروەها هاتووە: "خەڵکی تورکیا و هێزە سۆسیالیست دیموکراتیکەکانیان دەبێت لە هەموو بوارێکدا یەکگرتوویی زیاتریان لەگەڵ گەلی کورد هەبێت و تێکۆشان بۆ لەنێوبردنی ئەم حکومەتە فاشیستیە بەهێزتر بکەن."
 
جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پاراستی سنوور، هێزی پاسەوانی سنووری عێراق دەیگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بیانووبڕە بۆ وڵاتانی دراوسێ و هەر هێزێک کە بیەوێ هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان."
 
جەبار یاوەر گوتی: "ئەوەی من زانیومە ئەرکی پاراستنی سنوور بە پێشمەرگە نەسپێردراوە، تەنانەت لە سنوورەکانی ئوردن، سووریا و سعودیە، ئێران و وڵاتانی دیکە، دراوە بە پۆلیسی پاسەوانی سنووری عێراق."
 
فەرماندەیی یەکی پۆلیسی پاسەوانی سنوور، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی پێ سپێردراوە. فەرماندەییەکە لە چوار لیوا پێکهاتووە کە دوویان لە سنووری ئێرانن و دووەکەی دیکەیان لە سنووری تورکیان.
 
ئەو پسپۆڕەی کاروباری سەربازی و ئەمنییە دەڵێت: "نابێ پێشمەرگە لە هیچ شەڕێکی نێوخۆییەوە تێوەبگلێندرێت، ناکرێت هەندێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا و ئێرانیش خاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەلاماردان بەکاربێنن، چونکە لەسەر دراوسێیەتی، رێککەوتن لەنێوان دەوڵەتەکان هەیە."
 
بە گوتەی جەبار یاوەر، "دوای 40 ساڵ شەڕ و ئاڵۆزی، نە پەکەکە توانیویەتی ئامانجی خۆی بەدەستبێنێت و نە تورکیاش توانیویەتی پەکەکە لەنێوببات، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە کە گفتوگۆ و کایەی سیاسی، باشترین خاڵی یەکلاکەرەوەیە و ئێستا خەباتی پەرلەمانی و ململانێی سیاسی باوە نەک شەڕ."
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە