یەکێک لە بەندکراوەکانی خۆپێشاندانی 2022 لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە لەسێدارەدان سزادەدرێت

22-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتیمانییەکی کورد بە ناوی شاهین وەساف، تەمەن 27 ساڵ، خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022دا دەستبەسەر کرا، لەلایەن دادگەی شۆڕشی ورمێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
 
دادگەییکردنی ئەم گەنجە کوردە لە هۆبەی سێیەمی دادگەی شۆڕشی ورمێ بەڕێوەچووە و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" دادگە سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو گەنجەدا سەپاندووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی 03-10-2023، ئەو گەنجە کوردە لە سزاکەی ئاگادارکراوەتەوە. بەڵام هەواڵی لە سێدارەدانەکە بە شاراوەیی ماوەتەوە و لە چەند رۆژی رابردوو بڵاوکراوەتەوە.
 
رۆژی 21-09-2022، شاهین وەساف و برایەکی بە ناوی ناسر وەساف لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەڕبرینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شاری ورمێ دەستبەسەرکرابوون و بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری ورمێ گواسترابوونەوە.
 
دوای نزیکەی یەک ساڵ، یەکێک لە براکان بە ناوی ناسر وەساف ئازاد کرا، بەڵام شاهین وەساف تۆمەتی سیخوڕیکردن درایە پاڵ و بۆ گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ گواسترایەوە.
 
بەپێی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی 2023دا 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و 151 کەسیان کوردن کە دەکاتە 18%ـی کۆی ئەوانەی لەسێدارەدراون.
 
هەروەها بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵی 2022دا 582 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 331 کەس بووە.
 
بە گوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە