رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەی دەنگ، دووکەڵ و خراپبەکارهێنانی سووتەمەنی، لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر 11 خاوەن موەلیدەی بە پێبژاردن سزادا.
رۆژی چوارشەممە 22-2-2023، ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستیان بە هەڵمەتی بەسەرکردنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان کردووەتەوە و لێپێچینەوە لە کەموکورتییەکان دەکەن.
قارەمان مەولوود دەڵێت، ساڵانی رابردوو ئەو هەڵمەتەیان هەبووە کە تێیدا لە دەنگ، دووکەڵ و خراپبەکارهێنانی سووتەمەنی دەکۆڵنەوە و ماوەیەکە وەستاوە، بەڵام دوو رۆژە دەستیان بەو هەڵمەتە کردووەتەوە.
بە گوتەی قارەمان مەولوود، ئەو خاوەن موەلیدانەی سووتەمەنی خراپ بەکاردێنن یان دەنگیان بەرزە و خەڵکیان بێزارکردووە، بە پێبژاردن سزا دەدرێن، سزاکەش قایمقامییەتی هەولێر دەستنیشانی دەکات.
لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات، سەردانی 17 موەلیدەیان کردووە و خاوەنی 11 موەلیدەیان بە پێبژاردن سزادراون.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەگوێرەی بڕیارێکی ساڵی 2019ی فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان، دەبێت هەموو موەلیدە ئەهلییەکان لەو جۆرانە بن کە بێدەنگن و ژاوەژاو دروست نەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ