بەرپرسیار؛ لە سلێمانی دەست و قاچی نۆ سەگ بۆ مەبەستی 'جادوو' دەبڕدرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی دەست و قاچی 9 سەگ دەبڕدرێنەوە. سەرۆکی رێکخراوێکی پاراستنی مافی ئاژەڵان دەڵێت: "بڕینی دەست و قاچی سەگ بۆ مەبەستی جادوو بووەتە دیاردە." بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش ئەو کارە بە "حەرام" ناودەبات.
 
رۆژی چوارشەممە، 22-02-2023، بەختیار حوسێن، شاهێدحاڵی رووداوەکە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "شەوی رابردوو دوو پیاو هاتوون دەست و قاچی هەشت تووتکە سەگیان بڕیوە، ئەم کارە منداڵ نایکات و کاری کەسی گەورەیە."
 
بەختیار حوسێن رەتیکردەوە ئەو سەگانە زیانیان بۆ کەس هەبووبێت و گوتی: "خۆم رۆژانە گۆشتم پێدەدان."
 
"لەکۆی 9 تووتکە سەگ، تەنیا یەک دانەی زیندوو ماوە"
 
وەک بەختیار حوسێن باسی دەکات، لە کۆی 9 تووتکە، تەنیا یەک تووتکە سەگ ماوە و گوتی: "دایکی تووتکەکان وەک ئەوەی بۆیان بگریێت خۆی بەسەریاندا بوو، هەر کەس دەیبینی بەزەیی پێیدا دەهاتەوە. ئەو کاتەی کە رووداوەکە بووە، هیچ دەنگێک نەهاتووە، لەوانەیە دایکی تووتکەکان لەوێ نەبووبێت، ئەگەرنا رێگەی نەدەدا، من یەکەمجارە کارێکی لەو شێوەیە ببینم، هەموو دراوسێکان بەو رووداوە زۆر کاریگەر بوون".
 
"دەست و قاچی سەگ و پشیلە بۆ جادوو بەکاردەهێنرێت"
 
شادیە عەلی، سەرۆکی رێکخراوی هانای ئاژەڵان لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: رووداوەکە شتێکی تازە نییە، دەست و قاچی سەگ و پشیلە بە زیندوویی دەبڕن و بۆ  جادوو بەکاریدەهێنن. دەشڵێت، "برادەری خۆم کەسێکی بینیوە لەو کاتەی کە دەست و قاچی سەگی بڕیوە و گوتوویەتی: هەرچەندە سەگەکە ئازار بچێژێت ئیشەکەت باشتر دەڕوات".
 
شادیە عەلی پێیوایە نەهێشتنی ئەو کارانە بە سزایەکی زۆر یان زیندانییەکی زۆر بنبڕ دەکرێت. گوتیشی، "ئەوەی روویداوە کۆمەڵکوژییە."
 
سەبارەت بە زۆرترین ئەو گیاندارانەی دەبنە قوربانی، شادیە عەلی گوتی: "قوربانیی یەکەم سەگە، چونکە زوو متمانە بە مرۆڤ دەکات، پاشان پشیلە و گوێدرێژ".
 
سەرۆکی رێکخراوی هانای ئاژەڵان نموونەی ئەو ئاژەڵانەی کە لەلایەن مرۆڤەوە ئازاردراون، بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: "لەو شوێنەی کە بۆ پاراستنی ئاژەڵانم تەرخانکردووە، پڕیەتی لە ئاژەڵی کەمئەندام، سەگم لایە نیوەی لەشی سووتێنراوە، پشیلەم لایە لایەکی سەری نەماوە، کلکی سووتێنراوە. دەست و قاچی سەگ بە تایبەت بۆ نوشتە و جادوو بەکاردەهێنرێت."
 
"جادوو لە ئیسلامدا تاوانە"
 
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "بابەتی جادوو قێزەونە و ئیسلام حەرامی کردووە، باوەڕپێکردن و ئەو کەسانەیشی کە  ئەو کارانە دەکەن تاوانێکی گەورەیە. لە ئایینی ئیسلام تێکدانی ژینگە حەرامە چ جای ئازاردانی ئاژەڵ."
 
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی باسی نرخی جادوو و ئەو جۆرە ئاژەڵانە دەکات کە بۆ جادوو بەکاردەهێنرێن: رێوی بە پلەی یەک بۆ جادوو بەکاردەهێنرێت کە نرخەکەی دەگاتە نزیکەی 5 هەزار تاوەکو 6 هەزار دۆلار، گوێدرێژیش ئێستا زۆر بەکاردێت. 
 
باس لەوەش دەکات کە "جادوو بۆ مەبەستی وەکو زیادکردنی رقوکینە دەچێتە بواری ئاژەڵێکەوە، یان تەمبەڵکردنی کەسێک دەچێتە بواری گوێدرێژ، ئاژەڵەکانی دیکەش سەگ و پشیلە بۆ مەبەستی دیکە بەکاردەهێنرێن. جادووەکان ئێسکەکانی تێدایە و ناوی کەسەکە لەگەڵ جادووەکە تێکەڵدەکرێت."
 
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی رەتیکردەوە کە جادوو لە قەدەری ئەو کەسە بگۆڕێت، بۆیە دەڵێت: "باوەڕپێکردنی هاونیشتمانییان بە جادووچییەکان جێگەی سەرسووڕمانە."
 
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی باسی توێژینەوەیەکیان لەسەر جادوو دەکات و دەڵێت: "توێژینەوەکمان لە وەزارەت کردووە؛ ژمارەی جادووکەران لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، ئێمە توانیومانە لە وەزارەت، شوێنە پیرۆزەکان، مزگەوت و دامەزراوەکانی وەزارەت لەو کردەوانە بپارێزین، بەڵام بەداخەوە هەندێکجار لە رێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەت وەردەگیرێت بە ناوێکی دیکەوە، ریکخراو هەیە بە ناوێکی دیکەوە و بە مۆرکێکی ئایینی مۆڵەتی وەرگرتووە، بەڵام لەژێرەوە خەریکی بابەتی جادوون."
 
بە گوتەی شێخ ئیبراهیم، هەندێک جادووکەر هەیە نرخی جادووەکانی دەگاتە 6 هەزار دۆلار. 
 
"نەزۆککردنی سەگەکان، تەنیا چارەسەرە"
 
سەگە بێلانەکان لەنێو شار و شارۆچەکانی هەرێمی کوردستان زیادیانکردووە. بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکەی سلێمانی شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، پێشنیازی دابینکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ سەگە بێلانەکان دەکات.
 
سەرۆکی رێکخراوی هانای ئاژەڵانیش دەڵێت: "مینبەری مزگەوتەکان فاکتەرێکی زۆرباشن بۆ رێگری لەو دیاردەیە." گوتیشی: "نووسراومان بۆ شارەوانی کردووە و گوتوومانە نەزۆککردنی سەگەکان تەنیا چارەسەرە، بەڵام کۆکردنەوەی سەگەکان لە شوێنێک باش نییە، یەکدی لەنێو دەبەن."