رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی شوباتی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
وەک لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو وڵاتی میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبی (ئیمارات) و فەرەنسا.
رۆژی یەکشەممە 12-02-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی و بۆ بەشداریکردن لە "لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان" کە لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت کە لە 13 تاوەکو 15 مانگ بەردەوام بوو. دواتر رۆژی چوارشەممە 15ی مانگ، مەسرور بارزانی چووە پاریس و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و چەند بەرپرسێکی دیکەی وڵاتەکە کۆبووەوە.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەخرێتەڕوو.
رۆژی یەکشەممە 19ـی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنرێت بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی.
ئەوە دووەم سەردانی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا لەم مانگەدا. هەمان شاند لە 11-02-2023 سەردانی بەغدای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد.
دوای هاتنەوەی شاندەکە لە بەغدا، رۆژی سێشەممە 21-02-2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەی حکومەتە گوتی، "تا گەیشتن بە چارەسەری بابەتە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی یاسای نەوت و غاز و پرۆژەیاسای بودجە، گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رەشنووسی پڕۆژەیاسای رێگەوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ