ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای زانیاری لەبارەی کوردانی ئێزدی رزگاربوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

22-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، دەستەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی جینۆساید ئامادە نییە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کوردانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش رادەستی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا بکات. رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "رزگاربووان رازی نین پەڕاوەکانیان رادەستی هەموو شوێنێک بکرێت و بەشێکیان دەترسن."
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە کوردانی رزگاربووی دەستی داعش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە: "سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوە روونیدەکاتەوە کە لیژنەی تەماشاکردنی داواکاریی رزگاربووانی ئێزدی کە دادوەرێک لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوە سەرۆکایەتی دەکات هیچ مامەڵەیەکی لە دەستەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی جینۆساید و هیچ دادگەیەکی دیکەی لە هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە. دەستەکە رەتیدەکاتەوە بەڵگەنامە و پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە رزگاربووان رادەستی لیژنەکە بکات، سەرباری ئەوەی چەندین جار لەلایەن لیژنەکەوە نووسراو و داواکاری ئاراستە کراوە."
 
هەروەها هاتووە: "مادەی پێنجی یاسای رزگاربووانی ئێزدی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکانی ناچارکردووە بە مامەڵەکردن لەگەڵ دەستەکانی لێکۆڵینەوە و دادوەریی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە؛ هەروەها مادەی شەشی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدیی ژمارە 4ـی ساڵی 2021 بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە فیدراڵییەکان و لایەنەکانی دیکە زانیاریی بدەن بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری رزگاربووانی ئێزدی. بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی ئاماژەپێدراو دەتوانێت هەموو داتا و زانیاری و بەڵگەنامەکان رادەستبکات بۆ ئەوەی لەلایەن لیژنەی ئاماژەپێکراوەوە پشتیان پێ ببەسترێت. هەربۆیە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەپێویستی دەزانێت پەلەبکرێت لە یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دادوەری تایبەتمەند لە پارێزگای دهۆک."
 
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بابەتەوە رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامە، بەڵگەنامەکان کۆدەکاتەوە، بەڵام تاکە لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی کە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش - یونیتادە. رادەستکردنی هەر بەڵگەنامەیەک بە رەزامەندی هاووڵاتییەکە و شاهێدحاڵان دەبێت، بەڵام ئەوان رازی نین و هێشتا ترسیان هەیە ئەو بەڵگەنامانە بدرێت بە لایەن و شوێنی دیکە. ئەوان ترسیان هەیە لە چەکدارانی داعش و میلیشیاکان و لایەنی دیکە؛ تەنانەت کە زانیارییەکان دەدرێت بە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش - یونیتاد، رەزامەندییان وەردەگیرێت."
 
دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان، سەر بە لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەیە لە هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 5000 سکاڵای سەبارەت بە تاوانەکانی داعش لە شنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا تۆمار کردووە.  
 
لیژنەی باڵای بەجينۆسايدناساندنی تاوانەكانی داعش دژی کوردانی ئێزدی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە، لیژنەیەکی حکومیی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 2020 دامەزراوە. لیژنەکە چەندین وەزیر و سەرۆکی دەستە و فەرمانگە تێیدا ئەندامن و کار بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و بە دادگایی گەیاندنی چەکدارانی داعش دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.