رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی دایکە، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو رۆژێکی جیهانی لەپێناو گرنگیدان بە زمانی دایک لە جیهاندا ناسێنراوە.
زمانی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەدەر نییە لە رێگرییەکانی بەردەمی، لەو رۆژەدا رادیۆی رووداو میوانداری شارەزایان و پسپۆڕانی زمانی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد، شارەزایان و پسپۆڕانی کوردی بوونی زمانێکی یەکگرتووی ستانداردی کوردی بە گرنگییەکی هەنووکی دەزانن و پێیان وایە، کورد زۆر دواکەوتووە لە داڕشتن و دروستکردنی زمانێکی یەکگرتووی ستاندارد بۆ هەموو کوردزمانان.
زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
ئەیوب گازرانی، شارەزای زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، نەبوونی زمانێکی یەکگرتوو، یەکێکە لە کێشەکان، چونکە بوونی زمانی ستاندار زۆر هاوکار دەبێت بۆ پێشکەوتنی هونەر و ئەدەبیاتی کوردی و زمانی کوردی لە هەموو کایەکانی ژیاندا.
بەبڕوای ئەیوب گازرانی، ئەو فرەچەشنییە لە شێوەزارەکانی زمانی کوردییدا هەن زۆر یارمەتیدەر دەبێت لە دەوڵەمەندی زمانی کوردی، "شێوەزارەکان زۆر نزیکن لەیەکەوە و پێویستمان بە دوو زمانی ستاندارد نییە بەوەی کە باس دەکرێت، بەڵام دەکرێت بە تێکەڵکردنی رێزمانی شێوەزارەکان زمانێکی دەوڵەمەندی لێ دەردەچێت."
ئەو شارەزایەی زمانی کوردی دەڵێت، دەکرێت شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست کە پێکدێت لە مووکریانی و شێوەزاری سلێمانی کە ئێستا پێی دەگوترێت سۆرانی، دەکرێت ببێتە هەوێنێک بۆ زمانێکی یەکگرتوو، بەڵام ئاساییە کە دوو شێوە رێنووسی ئارامی و لاتینی هەبێت و یەک زمانی یەکگرتووی ستاندارد، وەکچۆن گەلانی جیهان زمانێکی ستانداردیان هەیە، پێویستە ئێمەش زمانێکی ستانداردمان هەبێت.
لەبارەی رۆڵی تەکنەلۆجیا بۆ لێک نزیککردنەوەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی، ئەو شارەزایەی زمانی کوردی دەڵێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا هۆکارێکن بۆ نزیکبوونەوە و تێکەڵبوونی شێوەزارەکانی زمانی کوردی و رۆڵی باشیان گێڕاوە، بەڵام زمانناسەکانی کورد کەمتەرخەمبوون لە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی زمانی یەکگرتووی کوردی دروستبکرێت.
زمانی کوردی لە باکووری کوردستان
زانا فارقینی، نووسەر و زمانناس لە باکووری کوردستان یەکێک بوو لە بەشدارانی بەرنامە تایبەتییەکەی رادیۆی رووداو و دەڵێت، ئەو سیاسەتە نەتەوەپەرستانەی کە لە دوای رووخانی خەلافەتی عوسمانییەوە لە تورکیا هاتەکایەوە، بوو بە رێنوێنی بۆ وڵاتانی ئێران و سووریا و عێراق بۆ ئەوەی سیاسەتێکی تووند بەرامبەر بە زمانی کوردی بگرنەبەر و زمانی سەردەستە بکەن بە زمانی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی نێو وڵاتەکانیان.
زانا فارقینی گوتیشی، باکووری کوردستان لە دوای رووخانی خەلافەتی عوسمانییەوە، بەشێوەیەکی سیستماتیک زمانی تورکیا کرایە تەنیا زمان لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە هەموو کایەکانی ژیان زمانی تورکی کرایە زمانی فەرمی، تەنانەت لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا خەڵاتی ئەو کەسانە دەکرا، کە زمانی تورکی فێردەبوون و بە زمانی تورکی قسەیان دەکرد لە جیاتی زمانی دایکیان "بەشێوەیەک لە ساڵی 1938، پێشبڕکێ کرابوو بۆ ئەوانەی خۆیان فێری زمانی تورکی دەکەن، جووتێک گای بە دیاری پێدەدرا."
ئەو زمانناسەی باکووری کوردستان دەشڵێت، ئەو سیاسەتانەی لە دژی گەلی کورد بەکاردێت رۆڵی هەیە لە سەردەستبوونی زمانی گەلانی دیکە و تورکیا بووەتە سەردەستەی وڵاتانی ناوچەکە لە پێشێلکردنی مافی گەلاندا و بەتایبەت گەلی کورد، چونکە خاڵی گرنگ بۆ بەردەوامی هەر زمانێک، قسەکردنی منداڵان و لاوانە بە زمانی دایکیان ئێستا کە لەباکووری کوردستان ئەو رێژەیە کەمە مەترسییە بۆسەر زمانی کوردی.
لەبارەی زمانی ستانداردەوە، زانا فارقینی پێیوایە، "مەبەست لە زمانی یەکگرتوو (ستاندارد)، ئەوەیە هەموو شێوەزارەکان لێکتێبگەن، دەبێت هەموو شێوەزارەکان لەنێو خۆیاندا خۆیان بەستاندارد بکەن، پەیوەندییان لەگەڵ شێوەزارەکاندا بەهێز بکەن و خۆیان یەکبخەن."
گوتیشی، دەبێت شێوەزارەکان لە کاریگەری زمانەکانی دیکە رزگار بکەین و هەموو شێوەزارەکان بە گرنگییەوە لەپێگەکەی بڕوانین.
زمانی کوردی لە باشووری کوردستان
پرۆفیسۆر د. ئومێد بەرزان برزۆ، پسپۆڕی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان بەشداری بەرنامەکەی کرد، پێیوایە ئەو هەوڵە ئەکادیمییانەی لە 70کانەوە دەستیپێکرد، رۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە پێشخستن و سەرپێخستنی زمانی کوردی، دواتر شێوەزاری کوردی ناوەندی بوو بە بەهەوێنێک بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و باشووری کوردستاندا بەو شێوەزارە بخوێنن وەکو زمانێکی فەرمی.
بەبڕوای د. ئومێد بەرزان برزۆ، "لە دوای 1991وە زاری کورمانجی ناوەڕاست بە شێوەزاری (سۆرانی، سلێمانی، مووکریانی، سنەیی، گەرمیانی) بوو بە زمانی فەرمی خوێندن و نووسین و کاروباری حکومەت، بەڵام بەداخەوە شەڕی ناوخۆ، تەنها دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا لێنەکەوتەوە، بەڵکو دوو دیالێکتی لێکەوتەوە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە و تاوەکو ئێستاش کاریگەرییەکان بەردەوامن."
ئەو پسپۆڕەی زمانی کوردی دەڵێت، هەنگاوی یەکەم بۆ گرنگیدان بە زمانی دایک، دامەزراوەی خێزانە، پاشان قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانی دیکەیە.
لەبارەی گرنگی زمانی ستانداردی کوردییەوە پرۆفیسۆر د. ئومێد بەرزان برزۆ دەڵێت، "بوونی زمانێکی یەکگرتوو و ستاندارد کە قسەکردن و نووسین پێی یەکگرتووبێت پێویستییەکی هەنووکەییە، بوونی زمانێکی یەکگرتوو، پەیوەندی بە سیاسەت و پلانی زمانەوە هەیە، کە دەبێت هاوشانی کۆمەڵێک بەهای فەرمی پێناسێکە بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک کە جیهاندا گەلانی پێدەناسرێت."
زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان
هۆزان دێرشەوی، شارەزای زمانی کوردی و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، دۆخی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان جیاوازە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، چونکە لە دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە تاوەکو ئێستا دان بە مافی کورد و هیچ نەتەوەیەکی دیکەی نێو سووریا نەنراوە.
بەگوتەی هۆزان دێرشەوی، سەرەڕای ئەو ئاستەنگی و رێگرییانەی لەبەردەم مافی کورد لە سووریادا هەیە، بەڵام لە رۆژئاوای کوردستان دانیشتووانەکەی بە کوردییەکی باش قسە دەکەن، لەکاتێکدا چەوساندنەوە بەرامبەر بە کورد لە سووریا بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەموو رێگرە سیاسی و یاساییەکان بەرامبەر بە کورد دەکرێت، تەنانەت تاوەکو ئێستا یەک زانکۆ و پەیمانگە بە کوردی لە رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵام دۆخی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان لەچاو رێگرییەکان "باشە." لە دەستووری سووریا 1970دا دەڵێت، "هەر کەسێک لە سووریا بێت عەرەبە و بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب."
لەبارەی زمانی ستانداردی کوردییەوە، هۆزان دێرشەوی دەڵێت، هێشتا زمانی کوردی لە رووی زانستییەوە ئەو دەرفەتانەی لەبەردەمی هەبوون سوودی لێنەبینراوە، بۆیە پێویستە نەخشەرێگەیەکی گونجاو بۆ زمانێکی یەکگرتووی ستاندارد دابنرێت، دوور لە ناکۆکییە سیاسییەکان. بە پلەی یەکەم پێویستمان بە رێنوسێکی یەکگرتووە و تاوەکو ئێستا لە شێوەزاری کرمانجی سەروودا کێشەی رێنووس هەیە و تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
زمانی یەکگرتوویی کوردی
د. مزگین عەبدولڕەحمان، سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، دۆخی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان لەچاو پارچەکانی کوردستان باشترە، دۆخی جووڵانەوەی سیاسی لە باشووری کوردستان و بەری میراتی میرنیشینی بابان رۆڵی گرنگی هەبووە لە گەشەکردنی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان.
د. مزگین عەبدولڕەحمان دەشڵێت، هەرچەندە لە دەستووری عێراق لە ساڵی 1958دا باسی زمان نەکراوە، بەڵام ئەو دەڵێت، کورد و عەرەب هاوبەشن لە عێراقدا، کەوایە لەوێدا مافی زمانیش بە ناڕاستەوخۆ پێیدراوە، پاشان لە رێککەوتنامەی 11ی ئازار خوێندن و قسەکردن بە زمانی کوردیش کرا بە مەرجێک.
سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەکرد: لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان زمانی کوردی هەنگاوی باشی بڕی و لە دوای 2005 و لە داڕشتنی دەستووری هەمیشەی عێراقدا زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمی لەتەنیشت عەرەبی ناسێنرا، بەڵام ئەو بەرگرییە بۆ زمان کە جاران هەبوو، ئێستا نەماوە.
وەک ئەو مامۆستایە دەڵێت: سەرەڕای ئەو هەموو توێژینەوانەی لەبارەی زمانی کوردییەوە کراون، بەڵام هێشتا هەوڵەکان زۆر رژد نین. وەکو کورد زۆر دواکەوتووین لە دانانی زمانێکی ستاندارد و کەمتەرخەمبووین، چونکە تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە لەنێو شێوەزارەکاندا رێکبکەوین لەسەر زمانێکی ستاندارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ