وەزیری بازرگانی: هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەین

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بازرگانی ‌و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای ‏هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەن كە ‏بڕەکەی 272 ملیار دینارە. 
 
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی ‌و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی ‏میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی پارەی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەن. دەشڵێت، ‏‏"هەموو ئامادەكارییەكان تەواوكراون و سەرجەم پارەكە بڕی 272 ملیار ‏دینارە." 
 
وەزیری بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو، پارەكە دابەشكراوە بۆ 70 هەزار چەكی ‏بانكی "بەوەش كۆتایی دێت بەسەرجەم پارەی قەرزی گەنمی ‏جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2015 ‌و 2016." 
 
لە ساڵەكانی 2014‌، ‏‏2015‌ و2016، حكومەتی عێراق بەپاساوی ئەوەی ‏جووتیارانی هەرێمی ‏كوردستان، زیاتر لە پشكی 17% گەنمیان رادەستی ‏حكومەتی عێراق ‏كردووە، پارەی گەنمی بەشێك لە جووتیارانی نەدەدا. بەڵام ‏ساڵی رابردوو 37 ملیار دیناری ئەو قەرزەی نارد، بەوەش تەنها قەرزی ‏ساڵەكانی 2015‌ و 2016 مایەوە ‌و بەناردنی ئەو 272 ملیار دینارەش ‏كۆتایی بە قەرزی گەنمی جووتیاران هات.