رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، هاوکارییان گەیاندووەتەوە 179 هەزار و 905 خێزانی زیانلێکەوتوو لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و تورکیا.
رۆژی چوارشەممە 22-2-2023، دەزگای خێرخوازیی بارزانی راپۆرتی خۆی لەبارەی هاوکارییەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، زۆرترین هاوکاری گەیێندراوەتە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان.
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی تاوەکو دوێنێ سێشەممە 21ی شوبات بەمشێوەیە بووە:
- مەرەش؛ 44 هەزار و 608 خێزان
- دیلۆک؛ 35 هەزار و 440 خێزان
- ئامەد؛ 29 هەزار و 110 خێزان
- سەمسوور؛ 23 هەزار و 445 خێزان
- عەفرین؛ 22 هەزار و 656 خێزان
- رووها؛ 9 هەزار و 70 خێزان
- ئەدەنە: 9 هەزار خێزان
- مەلەتی: 6 هەزار و 580 خێزان
بەپێی ئامارەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، تاوەکو دوێنێ سێشەممە، چوار تۆن دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی عەفرین ناردووە و هاوکات 84 هەزار و 350 ژەمەخۆراکی گەرم، 19 هەزار و 164 خواردنی وشک، سێ هەزار و 215 خێوەتیان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و تورکیا دابەشکردووە.
رۆژی دووشەممە 20ی شوباتی 2023 موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە رووداوی گوت، یەکشەممە 19ی شوبات بەشێکی تیمەکانیان گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە واتای کۆتاییهاتنی کارەکانیان نییە و بەردەوامن لە هاوکاریی زیانلێکەوتووانی باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
موسا ئەحمەد رایگەیاند، تاوەکو زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و تورکیا پێویستیان بە هاوکاریی ئەوان بێت، بەردەوام دەبن لە پێشکێشکردنی هاوکارییەکانیان.
چوونی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوە هات رۆژی 6ی شوبات بوومەلەرزەیەک کە ناوەندەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، بە 7.7 پلەی رێختەر باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریای هەژاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ