گفتوگۆی رۆژانە؛ هاوڕەگەزخوازی هەڵگەڕانەوەیە لە کۆمەڵگە یان لقێکە لە خواستە رەگەزییەکانی مرۆڤ؟

رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی رابردوو و بە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە رێکخراوێک، پرسی هاوڕەگەزخوازیی لە هەرێمی کوردستان گەرمبووە. ئەو پەرلەمانتارە هاوڕەگەزخوازیی بە هەڵگەڕانەوە لە بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە ناودەبات و لەبەرامبەردا چالاکڤانێک دەڵێت، هاوڕەگەزخوازی نەخۆشی نییە، حاڵەتێکی سرووشتییە و لقێکە لە خواستە رەگەزییەکانی مرۆڤ.
 
لە گفتوگۆی رۆژانەی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکەشی دەکات، تەوەری ئەمجارە لەسەر پرسی هاوڕەگەزخوازی بوو، بە بڕوای عومەر گوڵپی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو کەسانەی "ئەم لادانە رەوشتی و سێکسیەیان هەیە، لە بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە هەڵگەڕاونەتەوە". ئەو دەڵێت بە یاسا دژی هەموو ئەوانە دەوەستنەوە کە دەیانەوێت ئەو کۆمەڵگایە هەڵوەشێننەوە".
 
لە بەرامبەردا ژیار عەلی، چالاکوانێکی مافی مرۆڤ پێیوایە پرسی هاوڕەگەزخوازی "جیایە لە منداڵبازی، ئەمانە تاوانن، ئێمە وەکو چالاکوانەکانی مافی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک پشتگیری ئەو تاوانانە ناکەین، بەڵام هاوڕەگەزخوازی پەیوەندییەکی تەندروستی نێوان دوو کەسی پێگەیشتووە".
 
عومەر گوڵپی: بە یاسا رێگە بە هاوڕەگەزخوازی نادەین
 
پێش ماوەیەک عومەر گوڵپی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە فه‌رمانگه‌ی‌ داواکاری‌ گشتیی له‌ سلێمانی سکاڵای‌ یاسایی له ‌دژی‌ رێکخراوێک به‌ناوی‌ (راسان) تۆمارکرد کە بە گوتەی ئەو،‌ "چه‌ند ساڵێکه‌ ئه‌رکی‌ خۆی له‌ به‌رگریکردن له‌ ژنانه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ هاوڕه‌گەزخوازی".
 
بە گوتەی عومەر گوڵپی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ماوەی نزیکەی 3 مانگە بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئەو رێکخراوە (راسان) کردووە و دەڵێت"تێبینیم کردووە ئەو رێکخراوە لە دەرەوەی یاسا، بە پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتیان لە روانگەی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی و، تێپەڕبوون بەسەر بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە کاردەکەن، بەشێوەیەک دەیانەوێت بابەتی هاوڕەگەزخوازی لای گەنجان و هاووڵاتییان ئاسان بکەن".
 
عومه‌ر گوڵپی ئاماژە بەوە دەدات لە به‌دواداچوونەکانیان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم رێکخراوە له‌ فه‌رمانگه‌ی‌ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان‌ خۆیان بە رێکخراوێک تۆمار کردووە کە "لە بواری پاراستن و پارێزگاریکردن لە مافەکانی ژنان کاردەکات، بەڵام ماوەی 3 بۆ 4 ساڵ دەچێت کارەکەی خۆیان گۆڕیوە بۆ هاندان یان ئاساییکردنەوەی حاڵەتی هاوڕەگەزخوازی".
 
عومەر گوڵپی پێیوانییە سکاڵای ئەوان دژی ئەو رێکخراوە (راسان) پێشێلکردنی ئازادیی تاکەکەس بێت و دەڵێت: "ئەمە پێشێلکردنێکی تەواوی مافی گشتییە، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا چوارچێوەیەک هەیە بۆ ئەوەی یاسا و دامەزراوەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بیپارێزێت، ناکرێت هەر کەسێک لادانێک یان نەخۆشییەکی هەیە بێت و نەخۆشییەکەی بە حاڵەتێکی ئاسایی بە کۆمەڵگە بفرۆشێتەوە، ئەم حاڵەتە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەقڵی تەندروستی و سرووشتی هەر مرۆڤێک، لەگەڵ ئایینی کۆمەڵگەکەشمان".
 
عومەر گوڵپی، خۆشحاڵە بەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی کوردستان هاوڕەگەزخوازن "زۆر کەمن، کە رەفتاری قەومی (لوط) هەڵدەبژێرن، ئەمە لیواتەیە لەگەڵ سوحاقی ئافرەتان".
 
لەسەر ئەو وێنانەشی کە لەلایەن رێكخراوی راسان لەسەر دیوارەکانی زانكۆی ئه‌مریكیی له‌ سلێمانی نه‌خشێندراون عومەر گوڵپی پێیوایە "ئەمە تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی ئەو وڵاتە و ئەو کۆمەڵگەیە، ئەوانەی مۆڵەتیشان پێداون ئەگەر بە زانین بێت ئەوانیش بەشدارن لەو تاوانە".
 
عومەر گوڵپی پێشیوایە ئەو کەسانەی "ئەم لادانە رەوشتی و سێکسیەیان هەیە، لە دایک و باوک و خوشک و برا و مام و خاڵی خۆیان دەترسن، ئەمە هەڵگەڕانەوەیە لە کۆمەڵگە و بەها پیرۆزەکانی. ئەوەی من دەستمپێکردووە تەنیا ئەو رێکخراوە نییە، مەلەفێکم گرتووەتە دەست پشتیوان بە خودا لە دژی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەو کۆمەڵگەیە هەڵوەشێننەوە و دژی بەها باڵاکان بن، دژایەتیان دەکەین بە یاسا لە پێناو بەرژەوەندی ئەو وڵاتە".
 
رێکخراوی راسان پشتگیریی لە هاوڕەگەزخوازیی رەتدەکاتەوە
 
تانیا کەمال دەروێش، سەرۆکی رێکخراوی راسان بە رووداوی راگەیاند، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ رێکخراوەکەیان هیچ بنەمایەکیان نییە و بۆ ئەو مەبەستەش پارێزەرانی رێکخراوەکە راسپێردراون بچنە دادگە.
 
تانیا کەمال گوتی: "کاری ئێمە مرۆڤدۆستیی و خزمەتە بە مرۆڤایەتی، نەک پەرەدان بە هاوڕەگەخوازی"
 
ژیار عەلی: هاوڕەگەزخوازیی لەگەڵ کەسەکە لەدایک دەبێت و نەخۆشیی نییە
 
ژیار عەلی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و یەکێک لەوانەی کە پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازان دەکات، پێیوانییە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشی بێت و دەڵێت: "ئەو بەداوداچوونانەی ئێمە کردوومانە و خوێندومانەتەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەمە شتێکی ئاساییە و حاڵەتێکی سرووشتییە کە لە مرۆڤدا هەیە".
 
ژیار عەلی، دەڵێ: " لە ساڵانی حەفتاکانەوە ئەوە سەلمێندراوە کە هاوڕەگەزخوازی شتێکی ئاساییە و لە مرۆڤ و لە ئاژەڵیشدا هەیە و لقێکە لە خواستە رەگەزییەکانی مرۆڤ".
 
بە گوتەی ژیار عەلی مرۆڤ دەکرێت سێ خواستی رەگەزی هەبێت "یان رەگەزخواز بێت یان دوو رەگەزخواز بێت یان جیا رەگەزخوازبێت، جیا رەگەزخواز ئەو کەسانەن کە حەز بە جیا لە رەگەزی خۆیان دەکەن وەکو ژن و پیاو ئەو شتە تەقلیدییەی دەیبینین لە کۆمەڵگەکەمان، بەڵام کەسانێک هەن کە هاوڕەگەزی خۆیان حەز لێیە و کەسانێکیش هەن حەزیان لە هەردوو رەگەزەکە هەیە".
 
ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤ و پشتگیر لە هاوڕەگەزخوازان پێشیوانییە هاوڕەگەزخوازی هۆکارێک بێت بۆ تێکدانی خێزان و جیابوونەوەی خێزان و تێکدانی شیرازەی خێزانی کوردی و بەهاکانی و دەڵێت: " هاوڕەگەزخوازی شتێک نییە هەڵبژاردەبێت، شتێکە کە لەگەڵ کەسەکە لەدایک دەبێت، وەکو کەسانی دوو رەگەز کە لە دایک دەبن، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە بەشێوەیەکی ناشرین ئاماژەیان بۆ دەکرێت و پێیان دەگوترێت نێرەمووک، کە ئەمە شتێکی بایۆلۆژی و ئاساییە، هاوڕەگەزخوازی بەهەمان شێوەیە و لەناخی کەسەکەدا هەیە و حەز بە هاوڕەگەزی خۆی دەکات".
 
بە بڕوای ژیار عەلی پرسی هاوڕەگەزخوازی "جیایە لە منداڵبازی، ئەمانە تاوانن، ئێمە وەکو چالاکوانەکانی مافی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک پشتگیری ئەو تاوانانە ناکەین، هاوڕەگەزخوازی پەیوەندییەکی تەندروستی نێوان دوو کەسی پێگەیشتووە، واتە دوو کەس کە تەمەنی یاساییان هەبێت و بڕیاری خۆیان بێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی لەو شێوەیەیان هەبێت، لەو حاڵەتەشدا بەپێی بەندەکانی مافی مرۆڤ هیچ کەسێک ناتوانێت رێگرییان لێبکات، وەکو ئەوەی ئێستا دەیبینین هەوڵی رێگرییان لێدەکرێت".
 
ژیار عەلی پێیوایە سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی بەندەکانی مافی مرۆڤ هیچ کەسێک ناتوانێت رێگری لە هاوڕەگەزخوازی بکات ئاماژە بەوەش دەدات، "لە یاسای سزادانی عێراقی هیچ یاسایەک نییە دژی هاوڕەگەزخوازی بێت، بەڵام لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا ماددەی 393 بە هەڵە بەکار دەهێندرێت و دەسەپێندرێت بەسەر کەسانی هاوڕەگەزخوازداو دەستگیر دەکرێن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو ماددە باس لە دەستدرێژی سێکسی دەکات، کە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە دوو کەس لەسەر رەزامەندی یەکدی پەیوەندییان هەبێت".
 
بە بڕوای ژیار عەلی کەسانی هاوڕەگەزخواز "هەڕەشە نین بۆسەر خێزان، بە پێچەوانەوە ناچارکردنیان بۆ ئەوەی جیا رەگەزخوازییان بکەن هەڕەشەیە بۆ سەر خێزان، ئێمە لە دادگا چەندین کێشەمان هەیە کە کەسانی هاوڕەگەزخواز بەزۆر ژنیان بۆ هێندراوە یان بەزۆر بەشوو دراون، بەڵام دواتر تووشی کێشەبوونە و خێزانێکی شتکستخواردوویان پێکهێناوە و دەرئەنجام جیابوونەتەوە".