گەنجێک لە هەولێر ئەکاونتی 42 کەس هاک دەکات و دەڵێت، 'ویستم پیاوەتی بکەم'

22-02-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن هاککردن پۆلیسی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی هەولێر گەنجێکی دەستگیرکرد کە بە گوتەی خۆی نزیکەی 42 هەژماری فەیسبووکی هاککردووە و داوای پارەی لە بەشێکیشیان کردووە. ئەو گەنجە قسەی بۆ رووداو کرد و لەبارەی ئامانجی کارەکەی گوتی، "تێوەگلاوە و پەشیمانم لە کارەکە". دەشڵێت، "من هاککەر نیم".
 
ئەو گەنجە لە رەگەزی نێرە و تەمەنی 19 ساڵانە، ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی فەیسبووکەوە گرووپێکی تێلەگرام بڵاوکراوەتەوە، ئەویش چووتەناوی و یەکێک لە فەیسبووکەکانی تاقیکردووەتەوە. "بینیم چاتی لەگەڵ کچێک کردووە، سڵاوێکم بۆ نارد و منیش داوای بڕێک پارەم لێکرد.. بڕەکەیم دیاری نەکرد، هەر گوتم پارەم دەوێت، ئەویش پێی گوتم، ستەمم لێکراوە و چەند دەوێت دەتدەمێ". 
 
"من پیاوەتیم کرد، بەڵام لێیاندام"
 
گەنجەکە دەڵێت، بەو کەسەی گوتووە چ ستەمێکی لێکراوە بۆ ئەوەی هاوکاری بکات، "ئەو ئەکاونتەی هاکم کردبوو رەبتی بە سیمکارتەوە هەبوو، هەموو ژمارەکانی تێدابوو، "منیش بە پێم گوت ژمارەی ئەو کوڕەت دەدەمێ بۆ ئەوەی تەسلیمی ئاسایشی بکەیت". 
 
دوای ئەوەی شوێنێک دادەنەن بۆ ئەوەی ئەو کەسە بدۆزنەوە، ئەو کەسەی کە ستەمی لەو ئافرەتەکە کردووە کە هاککراوە، "کە گەیشتمە لای ئەو بە ئۆتۆمبێل منی برد بۆ شوێنێکی دیکە گوتی با بە ئیسراحەت کارەکان بکەی، لەوێ دوو کەسی دیکەی لێبوو، لێمیاندا و منیان هێنا بۆ بنکەی پۆلیس". ئەو گەنجە بەو شێوەیە دەستگیرکراوە. 
 
بە گوتەی خۆی، گەنجەکە ماوەی مانگ و نیوێک لە گرووپەکەی تێلەگرامدا بووە و "نزیکەی 42 ئەکاونتم هاککردووە". دەشڵێت، تەنیا هەژماری فەیسبووکی هاککردووە و هی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی نەکردووە.

 

 
 
"هەڕەشەم نەکردووە"
 
گەنجەکە دەڵێت، یەکجار چووەتە ناو گرووپەکە، هەڕەشەی لە کەس نەکردووە و پارەیشی وەرنەگرتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرووپەی کە ئەو چووەتە ناوی، نزیکەی 10 ئەدمینی هەبووە کە ئەو بینیونی و کوردیش بوون. 
 
لەبارەی ئامانجی گرووپەکە، گەنجەکە دەڵێت، لەوێ فەیسبووکی خەڵک دادەنێن. یەكێک لە بازارگانییەکانیش ئەوەیە ئەوانەی دەچنە گرووپەکەوە ئەو هەژمارانە بە پارەیەکی کەمتر دەکڕنەوە و دواتر داوای پارەیەکی زۆرتر لە خاوەنەکەی دەکەن. هاککەرەکە دەڵێت، "بەپێی کەسەکە دەگۆڕێت، هەیە بە پارە دەیکڕێت، هەیشە ئەدمینەکە خۆی ئەکاونت دادەنێت و دەڵێت لێم بکڕنەوە". 
 
ئامانجی چی بووە؟
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر پرسیاری لە گەنجەکە کرد، ئامانجی چی بووە؟ ئەو گوتی، "تەنیا هەڵەیەک بوو کردم، هیچی دیکە نییە. زۆریش پەشیمانم. ئامانجیشم هیچ نەبوو. وەکو بڵێی تێوەگلاوم، شتەکانم بینی و تاقیمکردنەوە". 
 
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو پرسیاری لە گەنجەکە کرد، ئەو گوتی، "مەبەستم هەڕەشەکردن نەبووە.. من هاککەر نیم، لەگەڵ ئەو ئافرەتەی ئەو کێشەیە دروستبوو، تەنیا ویستم هاوکاری بکەم". 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو گەنجە خوێندکاری ئامادەییە. هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە کەسێک هەژمارەکەی هاککراوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر پلانێکیان دانا و "دەستگیرمان کرد". 
 
پێچەوانەی قسەکانی گەنجەکە، هۆگر عەزیز دەڵێت، ئەو هاککەرە داوای پارەی کردبوو کە چەند سەد هەزارێک بوو. "هەڕەشەی لەو کەسەش دەکرد بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی و خێزانی". 
 
"گرووپەکەی تێلەگرام لای ئێمە هەیە"
 
لەو گرووپەی تێلەگرامدا بە گوتەی هۆگر عەزیز، زیاتر لە 17 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان و جیهان تێیدا بەشدارن و فەیسبووکی خەڵک هاک دەکەن و لەوێ دایدەنەن. ئەو هەژمارانەش دەفرۆشنەوە و بە کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت پارە وەردەگرن. 
 
لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو کەسانە، هۆگر عەزیز گوتی، "نازانین لە کوێ دادەنیشن". ئەو کەسەش کە دەستگیرکراوە، "یەکەم جاری بووە ئەو کارانە بکات". 
 
لەسەر ئینتەرنێت پارێزراوین، چۆن خۆمان بپارێزین؟
 
رەوەند جەمال، شارەزای تەکنەلۆژیای زانیارییە، لە بەرنامەی بەرپرسیار باسی لەوە کرد، ئەگەر کەسێک نەیەوێت پارێزراو بێت و رێکارەکانی خۆپاراستن لە هاککردن نەگرێتەبەر، ئەوا لەبەردەم مەترسیدایە. 
 
دانانی پاسۆردی باو و ئاسان وا دەکات هاککەرەکان زووتر هەژمارەکان هاکبکەن. رەوەند جەمال باسی لەوە کرد، لەکاتی دانانی پاسۆرد هەمیشە سیمبوول و ژمارە لەگەڵ پیتەکان دابنەن بۆ ئەوەی پرۆگرامەکان کە بۆ دۆزینەوەی پاسۆرد دیزاینکراون، بە ئاسانی نەیاندۆزنەوە. 
 
یەکێکی دیکە لە رێگەکانی خۆپاراستن بەکارهێنانی دوو فاکتەرە بۆ پشتڕاستکردنەوەی پاسۆردەکە کە دیارترینیان دانانی ژمارەیە لەسەر هەژمارەکە. رێگەیەکی دیکەش دانانی "ئەپەکانی ئەوسێنتیکەیتەرە" 
 
سزای ئەو کەسانە چییە؟
 
کاوە شێروانی پارێزەری راوێژکار باسی لەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان دوو سێ یاسا هەیە بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێدەکرێت کە هاک دەکەن، یەکێکیان ماددەی 111ـی هەموارکراوە، "یاسایەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان هەیە کە یاسای ژمارە 15ـی ساڵی 2008ـە کە پێی دەگوترێت یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن". 
 
سزای ئەو کەسانەی کە هاک دەکەن و زانیارییە کەسییەکانی کەسێکی دیکە بەکاردەهێنن، لە شەش مانگ تاوەکو 5 ساڵ زیندانی دەکرێن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە