لە قوتابخانەیەکی هەولێر، قوتابییەک بە 'چەقۆ' لە مامۆستاکەی دەدات

22-02-2021
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
مامۆستا محەممەد جەلال نەریمان
مامۆستا محەممەد جەلال نەریمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئامادەیی زۆزکی کوڕان لە هەولێری نوێ قوتابییەک بە "چەقۆ" لە مامۆستایەکی خۆی دەدات، مامۆستاکەش دەڵێت، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا نەبووە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، قوتابییەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
 
ئەو مامۆستایە بەناوی محەممەد جەلال نەریمان کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی زۆزکی کوڕانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانە پشکنینیان کردووە و یەکێک لە قوتابییەکان "چەقۆ"ی پێبووە، ئەویش پێی گوتووە کە نابێت قوتابی ئەو شتانەی پێبێت، بۆیە داوایان لە قوتابییەکە کردووە کە باوکی بێنێتە قوتابخانە بۆئەوەی بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە بۆئەوەی جارێکی دیکە ئەو کارە دووبارەنەکاتەوە.
 
بە گوتەی مامۆستاکە، کاتێک بۆ کارێک لە قوتابخانە دەرچووە، قوتابییەکە لە کاژێر 11:10 خوولەک لەبەردەم دەرگای قوتابخانەکە بووە و لێی پرسیوە "مامۆستا لە قوتابخانە دەرمناکەیت"، ئەویش پێی گوتووە "نەخێر گیانە، باوکت بێنە بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە و جارێکی دیکە ئەو شتە دووبارە مەکەرەوە". دەشڵێت، دواتر کاتێک ویستوویەتی بچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی، لەدواوە شتێکی بە پشتیدا کێشاوە و هەڵاتووە، پاشان چووەتە ئیدارەی قوتابخانەکە و زانیویەتی کە "چەقۆی لێدراوە" و خوێنێکی زۆری لێ رۆشتووە.

مامۆستاکە سوپاسی ستافی ئەو نەخۆشخانەیەی کرد کە تێیدا چارەسەری وەرگرتووە و "چەقۆکەیان لە پشتی دەرهێناوە".

هەروەها داواکارییەکیشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردە و ئەندامانی پەرلەمان کرد "شکۆ بۆ مامۆستا بگەڕێننەوە" و دەڵێت، کۆمەڵێک ماف بە قوتابی دراوە و لە بەرامبەردا هیچ مافێک بە مامۆستا نەدراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو، کە لە بنکەی پۆلیسی راپەڕینەوە دەستی کەوتووە، قوتابییەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
 
یەکێک لە هاوڕێکانی مامۆستا محەممەد جەلال باسی لەوە کرد، بەهۆی نەبوونی "سزای تووند بەرامبەر قوتابی" ئەو رووداوانە زیادیان کردووە.

بە گوتەی هاوڕێکەی مامۆستا محەممەد، باوکی ئەو قوتابیە تەلەفۆنی بۆ بەڕێوەبەرەکەمان کردووە و بڕیارە دواتر باس لەو بابەتە بکرێت، ناشزانن کە قوتابییەکە چووەتە ماڵەوە یاخود نا، بەڵام باوکی بە رووداوەکەی زانیوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە