تەرمی ئەو دیلەی دهۆک کە لە گارە کوژرا، رادەستی کەسوکاری کرایەوە

22-02-2021
ناسر عەلی
نیشانەکردن پەکەکە چیای گارە تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تەرمی ئەو کەسەی دهۆک کە لە ئۆپەراسیۆنی چیای گارە کوژرا رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە. باوکی کوڕەکەش بۆ رووداو دەڵێت، تەرمی جووتیار لە تورکیایە و بڕیارە ئەمشەو بگاتەوە دهۆک و لە گوندی سیارێ بەخاک بسپێردرێت. 
 
موحسین سیارێ، باوکی جووتیار لە شاری مەلەتیا لە باکووری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەوی رابردوو گەیشتینە مەلەتیا، سەیری ئەو تەرمەمان کرد کە گومان دەکرا کوڕەکەی ئێمە بێت، دیاربوو بە گوللەیەک کوژراوە. پێشتر پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئێمە کرابوو. بەڵام ئێستا 100٪ دڵنیاین کە کوڕەکەی ئێمەیە." دەشڵێت "سەرقاڵی راییکردنی مامەڵەی تەرمەکەین و دەیگەڕێنینەوە بۆ دهۆک و لەوێ بەخاکی دەسپێرین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باوکی جووتیار ئاماژە بەوە دەدات، "کوڕەکەم گەنج بوو، خوای گەورە مافی کوڕەکەمان بزر ناکات، چونکە زووڵمێکی زۆر گەورەمان لێکراوە."
 
جووتیار موحسین کێیە؟
 
جووتیار موحسین حوسێن خەڵکی گوندی سیارێ یە لە شارۆچکە ئامێدیی پارێزگای دهۆک، خوێندنی ناوەندیی تەواو کردووە و کاری خانووبەرەی دەکرد.
 
بەپێی میدیاکانی پەکەکە مانگی شەشی ساڵی 2019 لە "هەرێمی پاراستنی میدیا" لە کۆمپانیایەکی نەوت دەست بەکار دەبێت، بەڵام دوای مانگێک بەهۆی ئەوەی لەنێوان ئەو و بەرپرسێکی کرێکاران بە ناوی هونەر کێشە دروست دەبێت، لەکارەکەی دووردەخرێتەوە. لە رێگەی کەسێکەوە جارێکی دیکە دەست بەکار دەکاتەوە و داوای لێدەکرێت هەموو زانیارییەک لە بارەی پەکەکەی پێ رابگەیێنێت.
 
لە مانگی شەشی 2020 ڤیدیۆیەک لە میدیای پەکەکە بڵاوکرایەوە کە لێکۆڵینەوە لە جووتیار موحسین دەکرا. دواتر هەپەگە رایگەیاند: "کەسێک بە ناوی جووتیار موحسین تاوانی سیخوڕی ئەنجامداوە و زانیاریی لەبارەی جێگەی گەریلاکانمانی داوەتە دەوڵەتی تورک و فڕۆکەکانیش هەرێمەکەیان بۆردوومان کردووە و لەلایەن گەریلاکانمانەوە دەستگیرکراوە".
 
خێزانەکەی تۆمەتی سیخوڕبوونی رەتدەکەنەوە، باوک و دایکی رایانگەیاندبوو، کە بێتاوانبووە و لەلایەن پەکەکەوە بەدیلگیرابوو. بەگوتەی خێزانەکەی لە بەدواداچوونەکانیان پێیان راگەیاندبوون کە دوای لێکۆڵینەوە و ئەو پرسیارانەی کە هەیانە ئازادی دەکەن، بەڵام ئازاد نەکرا و لە ئۆپەراسیۆنەکەی چیای گارە کوژرا.
 
رۆژی 14-02-2021 وەزیری بەرگریی تورکیا لەکاتی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ-2 بۆ سەر چیای گارە گوتی کە 13 لە هاووڵاتیانیان لەلایەن پەکەکەوە کوژراون و ئاسەواری گوللەیان پێوەیە. بەڵام پەکەکە کوشتنی دیلەکانی رەتکردەوە و دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکەش میدیای پەکەکە رایگەیاند، کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە کوشتنی دیلەکانی تورکیا بووە کە لەژێر دەست ئەوان بوون و تورکیا ئەوانی کوشتوون. بەڵام وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند کە "کوژراوەکان هاوڵاتیی سڤیل بوون و ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رزگارکردنیان بووە."
 
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی کوشتنی دیلەکان گوتبووی کە "لە کاتی پشکنینی یەکێک لە ئەشکەوتەکاندا تەرمی 13 هاووڵاتیی سڤیلی بێچەکی تورکیا دۆزراونەتەوە، یەکێکیان گوللە بەر شانی کەوتووە و 12 هاووڵاتییەکەی دیکە گوللە بە سەریانەوە نراوە و کوژراون کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی عێراقییە."
 
رۆژی 14-2-2021، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لەبارەی دیلە کوژراوەکان لە چیای گارە گوتی "ئەگەر ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە کە ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە بەدەست پەکەکە کوژرابن کە رێکخراوێکی تیرۆریستییە، ئەوا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی "لەگەڵ هاوپەیمانەکەمان دەمێنینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کوژراوەکان دەکەین".

 

وێنەی جووتیار موحسین کە کەسوکارەکەی بۆ رووداویان ناردووە

 
پارێزگاری مەڵەتی ناسنامەی 10 کوژراوەکەی تورکیا لە چیای گارە ئاشکرا دەکات
 
رۆژی 14-02-2021، ئایدن باروش، پارێزگاری مەڵەتی ناسنامەی 10 لەو پۆلیس و سەربازانەی تورکیای راگەیاند، کە لە ئۆپەراسیۆنەکەی گارە کوژراون، "کارەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی 3 کەسی دیکە بەردەوامن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری مەڵەتی ناوەکان بەمشێوەیەن:
 
- حوسەین ساڕی (ئەفسەر) 13ی ئابی 2020 لە رێگەی چەولیک-ئامەد رفێنراوە
 
- سێدات یاباڵاک (پۆلیس) 28ی تەمموزی 2015 لە رووها گیراوە
 
- سەمیح ئۆزبێی (ئەفسەر) 18ی ئەیلوولی 2020 لە رێگەی دێرسیم-ئەرزینجان رفێنراوە
 
- عادل کاباکڵی (سەرباز) 2ی تشرینی یەکەمی 2015 لە دێرسیم رفێنراوە
 
- ڤێدات کایا (پۆلیس) 24ی تەمموزی 2016 لە ئامەد رفێنراوە
 
- سولەیمان سونگور (سەرباز) 15ی ئابی 2015 لە ئامەد رفێنراوە
 
- مەولوود قاوەچی (ئەفسەر) 21ی ئەیلوولی 2016 لە جۆلەمێرگ رفێنراوە
 
- موسلیم ئاڵتنتاش (سەرباز) 2ی تشرینی یەکەمی 2015 لە دێرسیم رفێنراوە
 
- ئایدن کۆسە، خەڵکی سەمسوور
 
- محەممەد ساڵح کانجا، خەڵکی سامسون

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی تەقسیم لە تورکیا

زۆرترین کۆچی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ و کەمترین لە ئەردەخان تۆمارکراون

دامەرزاوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان لەنێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە.