ئێران دەروازەی سنووری پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانی بە رووی گەشتیاراندا داخستووە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ، بڕیاریانداوە هەردوو دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بە رووی گەشتیاراندا دابخەن، بەڵام دەروازەی سنووری باشماخ تاوەکو ئێستا کراوەیە.
عەباس ئیسماعیل، گوتەبێژی دەروازەی سنووری پەروێزخان بە رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری پارێزگای کرماشان، دەروازەی پەروێزخان بەشێوەیەکی کاتیی بە رووی گەشتیاراندا داخراوە.
بڕیارەکە تەنیا گەشتیار دەگرێتەوە، واتە هاتووچۆی بازرگانی ئاساییە. بەڵام تاوەکو ئێستا دەروازەی سنووری باشماخ کراوەیە و گەشتیاران دەتوانن هاتووچۆی پێدا بکەن.
لیوا مەریوان کەمال، بەرپرسی کۆمەڵگەی دەروازەی سنووری باشماخ بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر داخستنی دەروازەکە نەدراوە و هاتووچۆ پێیدا ئاساییە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رۆژی شەممە 20-02-2021 رایگەیاند: "ئاگاداری گشت هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکەینەوە، کە ئێران بە رێگەی پەیوەندییەکانەوە ئاگاداری کردووینەتەوە کە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 21-02-2021 دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لەڕووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی 2 هەفتە دادەخات."
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی گومرگی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن هاتووچۆ بکەن کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن. هەروەها ئەو کەسانەشی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانین و لە باشووری کوردستان و عێراق ماون، دەتوانن بگەڕێنەوە."
راگرتنی هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان لەکاتێکدایە، کە رۆژی شەممە 20-02-2021 ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق، ئەوان بڕیاریاندا هاتووچۆی هەموو دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بەڕووی گەشتیاران دابخەن. بەپێی بڕیارەکە، هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، خوسرەوی، شوشمێ، سومار و شێخ سێڵە بۆ ماوەیەکی نادیار راگیراوە.