رووداو - هەولێر
نیوەڕۆی رۆژی 03-04-2019 لاڤان وەك رۆژەكانی دیكە پاش تەواوبوونی وانەكانی لە قوتابخانە بە بەرسێتی و ماندووبوون و بێهیواییەكی زۆرەوە بەرەو ئەو ماڵە دەگەڕێتەوە "كە زڕدایكێكی بێرەحم" سەرپەرشتیی دەكات. ئەو بێئاگایە لەوەی كە چەند كەسێك بە نیازی رفاندنین، بۆیە وەك رۆژانی رابردوو بە رێگەیەكی چۆڵی گەڕەكەكەیاندا، گەڕەكی ژیانی هەولێر، دەڕوات.
لەپڕ چەند كەسێك رێگەی پێدەگرن و یەكێكیان بە ناوی "ئـ"، "بە پاساوی بردنەوەی بۆ ماڵی خۆیان، دەیخاتە نێو ئۆتۆمبێلێكەوە. لەنێو ئۆتۆمبێلەكەشدا بە زەبری چەقۆیەك كە لەسەر ملی دادەنێت، ناچاری دەكات حەبێكی بێهۆشی بخوات و لەپاش چەند كاژێرێك دوای ئەوەی دەستدرێژی دەكەنە سەر، لە شوێنێكی چۆڵ بە جلوبەرگی خوێناوییەوە فڕێی دەدەن. پاشان لە رێگەی ژنێكەوە كە بە رێكەوت بەو رێگەیەدا رۆیشتووە، لاڤان دەدۆزرێتەوە".
باوكی لاڤان، لوقمان ئیسماعیل، لەرێگەی تەلەفۆنەوە ئەو زانیارییانەی لەبارەی چیرۆكی كچە هەشت ساڵانەكەیەوە بۆ رووداو باسكردن.
لوقمان ئیسماعیل، هاوژینی پێشووی كە دەكاتە زڕدایكی لاڤان، بە هۆكاری ئەو رووداوە دەزانێت كە بەسەر كچەكەیدا هاتووە و دەڵێت، "چوار ساڵ ژنم بوو، نەمزانی گورگێك بەخێو دەكەم. دواتر زانیم پێشتر تاوانی دیكەشی كردووە. بەداخەوە بەشێك لەرێكخراوەكانی ژنان پشتیوانییان كرد و هەر زوو بۆ ئازادبوونی پارێزەریان بۆ گرتبوو".
لوقمان ئیسماعیل لە سەرەتای رووداوەكەدا لە هەڵوێستی پۆلیس رازی نەبووە، چونكە "خاڵێكی تاوانبارەكان بەناوی عەمید "ب" پشتیوانیی تاوانبارەكانی كردووە، ئەویش هۆكاری ئەوە بوو ئەو كاتە رووداوەكە بێدەنگیی لێبكرێت و تەنانەت وردەكاریی رووداوەكەشیان لێشاردمەوە".
بەڵام دوای دەستگیركردنەوەی پێنج تۆمەتباری رووداوەكە، زۆر لە هەڵوێستی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان و پارێزگاری هەولێر رازییە و دەڵێت، "بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، عەمید دلێر، دواتر پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی خۆیان تەلەفۆنیان بۆ كردم و بەڵێنیان دا بەدواداچوون بكەن و تاوانبارەكان دەستگیر بكەن. سوپاسی سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆش دەكەم كە زۆر بە باشی كاریان لەو كەیسەدا كرد".
باوكی لاڤان بە دڵ سوپاسی خوای دەکرد لە ئاشكرابوونی تاوانەكە، چونكە وەك خۆی باسی دەكات، "تاوانەكە لە شوێنێكی چۆڵدا كراوە، خوا نەبێت كەس ئاگادار نەبووە. تەنانەت دوو رۆژ پێش رفاندنیشی بەدوای كچەكەمەوە بوون بۆ ئەوەی رفاندنی ئاسان و بێ كێشە بێت".
بە گوتەی لوقمان ئیسماعیل، هاوژینەكەی هەوڵی زۆری دەدا ئەو رووداوەی بەسەر لاڤاندا هاتووە بیشارێتەوە، بەڵام لەدوای رووداوەكە، رۆژ بە رۆژ گومانەكانی زیادكردووە تاوەکو دەگاتە ئەوەی لاڤان بباتە ماڵی دایكی لەوێش لاڤان تەواوی چیرۆكەكەی بۆ دەگێڕێتەوە كە چۆن بە ناوی بردنەوە بۆ ماڵەوە بردوویانە و بە زۆر حەبیان پێخواردەوە. لوقمان دەڵێت، "كاریگەریی حەبەكە دوای دۆزینەوەشی لەسەری مابوو. ئەو ژنەی دۆزیبوویەوە، دەیگوت چەندجارێك هەستاوە و كەوتووەتەوە".
دوای ئەوەی باوكی لاڤان دەزانێت دەستدرێژی كراوەتە سەر كچەكەی، بۆ پشكنین دەیباتە لای پزیشك و دەڵێت، "هەرچەندە زڕدایكەكەی دەیویست ئەو رووداوە بە سەر كوڕێكی تەمەن 8 ساڵاندا بێنێت، بەڵام پزیشك گوتی، منداڵەكەت لەلایەن كەسانی تەمەن گەورەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر. دواتر زانیم ئەوانەی ئەو كارەكایان كردووە تەمەنیان نزیكی 40 ساڵە و ژنەكەشم دەستی سەرەكیی لە كارەكەدا هەبووە".
لوقمان سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەكات كە لەسەرەتای رووداوەكەوە دوو بەرنامەی لەسەر كردووە، "شەهیان تەحسین دوو بەرنامەی دەرجەیەكی لەسەر كرد".
لەكۆتاییدا باوكی لاڤان داواكارە ئەوانەی ئەو تاوانەیان بەرامبەر كچەكەی كردووە، سەباری سزادانیان، لە راگەیاندنەكانیشەوە رووخساریان پیشانبدرێت، تاوەكو ببنە وانە بۆ كەسانی دیكەش.
لاڤان لوقمان لە ساڵی 2011 لەدایكبووە. ئەو كاتەی ئەو تاوانەی بەرامبەر كراوە، تەمەنی حەوت ساڵبووە و لە پۆلی "دوو"ی سەرەتایی بووە. لەماوەی رابردوودا تۆمەتبارانی ئەو كەیسە بە كافالەت ئازادكران، بەڵام رۆژی 21-02-2020 پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت هەر پێنج تۆمەتبارەكەی ئەو كەیسە دەستگیر كراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ