رووداو - هەولێر
رۆژی شەممە 22-02-2020، بە ئامادەبوونی چەندان كەسایەتی لە كوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شیفا گەردی بەڕێوەچوو. ئەمساڵ خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی بەخشرایە ئەروا دەیمن، پەیامنێری سەرەکی و جەنگیی کەناڵی CNN لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەروا دەیمن، لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا رایگەیاند، "ئاواتی من و شیفاش بوو کە لە جیهانێکدا بژیاینایە رۆژنامەڤان شەهید نەبووایە و ئەم خەڵاتانە پێویستیان نەکردایە".
ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییە باسی لەوە کرد، بەردەوامدەبن لە رووماڵکردنی رووداوەکان، تاوەکو ئەو رۆژەی دەتوانن گۆڕانکارییەک بەرهەمبهێنن. دەشڵێت، "دڵنیام شیفا گەردی هەمان ئەو هەستەی منی هەبووە کە هەمیشە واملێدەکات لە بەرەی پێشەوەی رووداوەکان بم و لە سەرچاوەی یەکەمەوە بیانبینم".
ئەروا دەیمن، باوکی خەڵکی بۆستنی ئەمریکایە و دایکی کوردی سووریایە، دوای هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەر بڕیاری دا ببێتە پەیامنێر و چەند مانگێک پێش شەڕی ساڵی 2003ـی عێراق چووە بەغدا.
لە ساڵی 2003 تاوەکو 2006 وەک خۆبەخش رووماڵی شەڕ و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و لە ساڵی 2006ـەوە بۆ کەناڵی CNNـی ئەمریکی کاردەکات.
لە 2010ـەوە رووماڵی خۆپێشاندانەکانی وڵاتانی عەرەبیی کرد، چەندین جار چووەتە رۆژئاوای کوردستان لە سووریا و راپۆرتی لەبارەی ژیانی ئاوارەکانەوە ئامادەکردووە.
ساڵی 2016 گەڕایەوە عێراق و رووماڵی شەڕی موسڵی کرد. ساڵی 2019 چووە ناوچەی جەمسەری باکووری گۆی زەوی و سەرنجی کارەکەی لەوێ لەسەر کاریگەریی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سیستمی فرەژینگەیی بوو.
دامەزرێنەر و سەرۆکی رێکخراوی مرۆیی "ئینارا"یە. "ئینارا" یارمەتیی تەندروستی بۆ منداڵانی ئاوارەی سووریا دابیندەکات.
ئەروا زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فەرەنسی بە باشی دەزانێت.
شیفا گەردی ناوی تەواوی شیفا زیکری ئیبراهیمە، لە 1ـی تەمووزی 1986 لەدایکبووە. لەسەرەتای ئامادەكاریكردن بۆ پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو لەساڵی 2012ـەوە كاری لە رووداو دەستپێكرد. خولی راهێنانی كاری رۆژنامەڤانی و پێشكێشكاری لە رووداو بینی و لەلایەن راهێنەرانی ئەوروپاییەوە مەشقی پێکرا.
پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو لە كاژێر 05:00ـی ئێوارەی رۆژی 29ی ئایاری 2013 لەلایەن شیفا گەردی و شاهۆ ئەمینەوە دەستی پێكرد. شیفا گەردی یەكەمین رستەی بەنێوبانگی خۆی لەوێ خوێندەوە: لە وڵاتی خۆر و ئاگرەوە، لە رۆژی چوارشەممەدا دەست بە پەخشی رووداو دەكەین.
شیفا گەردی بەهۆی دڵسۆزی لە رووداو و ئەركوەخۆگری بەرامبەر هاوكارانی، لەساڵی 2016دا لەكاتی ئاڵوگۆڕ لە چەند بەڕێوەبەرێكی تۆڕی میدیایی رووداودا، كرایە بەڕێوەبەری ئاوتپووتی رووداو. لە هەمانكاتدا پێشكێشكاری بووڵتەنێكی هەواڵ بوو.
هەروەها لەگەڵ هەموو وەرزێكی رووداودا، ئارەزووی بۆ پێشكێشكردنی كارێكی تازە هەبوو كە دواترینیان پێشكێشكردنی بەرنامەی "فۆكەس موسڵ" بوو لەسەر ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، ئینجا ویستی بەشێكی بەرنامەكە بەشێوەیەكی مەیدانی تۆمار بكات، لە ئەنجامیشدا لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی ئەو بەرنامەیەی لە كاژێر 03:38 خولەكی ئێوارەی 25ـی شوباتی 2017 بەهۆی تەقینەوەی مینێكی چێنراوی داعش لەسەر چاڵی خەسفە، كە شوێنی تاوانكارییەكی داعش بوو، گیانی لەدەستدا.