قایمقامی هەولێر: هەرکەسێک دەمامک گران بکات، سزادەدرێت

 
 
رووداو - هەولێر

قایمقامی هەولێر و لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی بەشێوەیەکی مەیدانی لەنێو بازاڕی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ گرانبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان و دەمامک کرد و لێپێچینەوە لەو فرۆشیارانە دەکەن کە نرخی کاڵاکان زیاد دەکەن. قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە و هەرکەسێک دەمامک گران بکات، سزادەدرێت.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران سەری هەڵدا، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. یەکێک لە راسپاردەکانی ئەوە بوو کە لیژنەکان لە بازاڕەکاندا بەدواداچوونی مەیدانی بکەن، لەبەر ئەوەی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە خواستێکی زۆر لەسەر دەمامک هەبوو. لە کۆتایی گەڕانمان 18 شوێنمان داخست کە پێداویستیی تەندروستی و دەمامکیان گران فرۆشتووە و سەرپێچیی رێنماییەکانیان کردووە. ئەوەش بۆ ئەوەیە رێگە لەو کەسانە بگرین کە دەیانەوەێت ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە".
 
قایمقامی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوانەی پڕوپاگەندەی هەبوونی نەخۆشیی کۆرۆنا لە کوردستان بڵاودەکەنەوە، رێکاری یاساییان لە دژ دەگرینەبەر. ئەگەر خوانەخواستە ئەو نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵدا، حکومەتی هەرێم هەموو رێکارێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە گرتووەتەبەر. تاوەکو ئێستا لێرە و لە تەواوی عێراقیش هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە، بۆیە هاونیشتمانییان دڵنیا دەکەینەوە کە تیمەکان بەدواداچوونی پێویست دەکەن".
 
رۆژی هەینی 21-02-2020 دوای ئەوەی لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە هەرێمی کوردستان، 78 هاونیشتمانی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە مەبەستی چاودێریکردنیان و دڵنیابوونەوە لەوەی تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا نەبوون، برانە نەخۆشخانە و پاشان لە ئوتێلێک جێگیرکران.
 
ئەو هاونیشتمانییانە باسیان لەوە دەکرد کە شوێنی مانەوەکەیان باش نییە و لە دۆخێکی خراپدان، چونکە ئافرەتی دووگیان و نەخۆش و منداڵیان لەگەڵە.
 
نەبەز عەبدولحەمید لەو بارەیەوە ئەوەی خستەڕوو، "ئەو هاونیشتمانییانەی لە چین یان ئێران دەگەڕێنەوە، بۆ 14 رۆژ لە شوێنێک دەهێڵرێنەوە و پشکنینیان بۆ دەکرێت و چاودێری دەکرێن. لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بۆ ئەوەی شوێنی دیکە بۆ ئەو 78 هاونیشتمانییە دابینبکەین، بەدڵنیاییەوە سبەینێ شوێنی گونجاوتریان بۆ دابیندەکرێت".
 
د. ئازاد هادی، بەڕێوەبەری پشکنین و جۆری دڵنیایی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "وەزارەتی تەندروستی هەموو رێکارێکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی رێگە لە هاتنی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان بگرێت. ئەو کەسانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە، لەو شوێنە دەهێڵرێنەوە و پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە کە هەڵگری ئەو نەخۆشییە نین. لێرەوە رایدەگەیەنین کە هیچ کەیسێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا نییە".
 
بەڕێوەبەری پشکنین و جۆری دڵنیایی لە وەزارەتی تەندروستی باسی لەوە کرد، ئەو شوێنە بۆ ئەو 78 هاونیشتمانییە کاتییە و شوێنەکەیان بۆ دەگۆڕدرێت بە باشتر کە هەموو شتێکی وەک خۆراک و پێداوایستیی پزیشکییان بۆ دابیندەکرێت.