ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئیدانەی هێرشکردنەسەر نەوزاد هادی دەکەن

رووداو-هەولێر

لەدوای ئەوەی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کەسێک هێرشدەکاتە سەر پارێزگاری هەولێر ، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ، ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەن و داوا لە دەزگا بەرپرسیارەکان دەکەن رێکاری یاسایی بگرنەبەر.


لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر رایدەگەیێنن: "دوابەدوای ئەو هێرشە ناڕەوا و دوور لە هەموو خوو و رەوشتێکی مرۆڤایەتی کراوەتەسەر کەسایەتی پارێزگای هەولێر (پارێزگاری هەولێر) ئەو کەسایەتییە کە جێگای متمانەی زۆربەی خەڵکی هەولێر بووە لە پرۆسەی هەڵبژاردن ، لە بەرواری 22-2-2018 بە وەفدێکی فەرمی لە برۆکسلی پایتەختی وڵاتی بەلجیکا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ خزمەتی کوردستان.

دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت: "ئەم هێرشە لەلایەن کەسێک کە بەداخەوە دیارە بەرپرسیاریەتیشی هەیە و سەر بە لایەنێکە و ئەنجامدراوە بە مەبەستی لەکەدارکردنی کەسایەتییەکانی پایتەختی هەرێم و کوردستان بە هیچ شێوەیەک جێگای قبوڵکردن نییە و ئیدانەی دەکەین وە لەسەر دەزگاکانی بەرپرسیار پێویستە رێکارە یاساییەکان بگرنە بەر بۆ رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە فەرهەنگە قێزەونە دوور لە داب و نەریتی دەوڵەمەندی کوردستان کە ئامانجیان زیاتر شکاندنی شکۆی کەسایەتی و خەڵکی دڵسۆز و کوردستانمانە".

بە بەشداریی نەوزاد هادی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و فەرهاد ئەترووشی، هەرسێ پارێزگاری هەولێر، سلێمانی و دهۆک کۆنفرانسی وزە لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت.

لەو کۆنفرانسەدا، کە لە رۆژی 21-2-2018 دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بەردەوام بوو، ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگار و سەرۆک شارەوانییەکانی ئەوروپا و جیهان بەشدارن. 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا و لەکاتی تێپەڕینی سێ پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان ، کەسێک دەچێتە بەردەمیان و دەستدەکات بە جنێودان بە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر.