لە موسڵ خوشک و برایەکی بێ دایک و باوک دۆزراونەتەوە
رووداو - هەولێر
خوشک و برایەکی موسڵ، یەکێکیان 18 مانگ و ئەوەی دیکەیان چوار مانگ لە کەمپی حەسەن شامی هەولێرن، باوکیان بە تەقینەوە تێداچووە و دایکیشیان وەک کەسوکاری دەڵێن "برینداربووە و هیچ هەواڵێکی نییە".
باوکی منداڵەکان لە تەقینەوەی چێشتخانەیەکی گەڕەکی زهووری موسڵ بەرکەوت، دوای ئەوەی داعشێک خۆی بە خەڵکدا تەقاندەوە، منداڵەکان لە بێکەسیدا درانە خەڵک، خەڵکیش بە سوپای عێراقی دان، سوپا رادەستی پێشمەرگەی کردن و پێشمەرگەش بە دەزگای خێرخوازی بارزانی سپاردن.
رۆژی 10-2-2017، خۆکوژێک لەچێشتخانەیەکی قەرەباڵخی گەڕەکی زهوور لەلای چەپی موسڵ خۆی تەقاندەوە و نۆ کەسی کردە قوربانی، یەکێک لەوانە محەممەد باوکی ئەم دوو منداڵە ساوایە بوو.
محەممەد تەمەنی 25ساڵ بوو، هاوژینەکەشی ئێستا بێسەر و شوێنە، تەمەنی 20 ساڵ بوو، هیچ پاشماوەیەک لەو خێزانە چوارکەسییە بەجێ نەما و شیرازەیان بچڕا و پەرتەوازە بوون.
دەما و دەم هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە داپیرەی منداڵەکان لە یەکێک لە کەمپەکانی باشووری کوردستانە، رزگار عوبێد، سەرپەرشتیاری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ هاوکارەکانیدا کەمپا و کەمپ گەڕان و داپیرەیان دۆزییەوە.
حەموودی تەمەنی ساڵ و نیوێکە و کۆرپەلەکەش چوار مانگە، لەکەمپی حەسەن شام رادەستی خالیدە موحسینی داپیرەیان کراوە، خالیدە تەمەنی پەنجا ساڵە و لەگەڵ کچە تەمەن 16 ساڵانەکەیدا لە خێمەدا دەژیان، بەڵام بەهۆی منداڵەکانەوە، دەزگای خێرخوازی بارزانی، کەرەڤانەیەکیان پێ داون و پێداویستی منداڵە بچووکەکانیشیان بۆ دابین کردوون.
حەموودی هێشتا نازانێت چی روویداوە و یاری بە هەموو شتێک دەکات، تەنانەت بە کامێرا و کەلوپەلەکانی ئێمەش،
پزیشکەکانیش بەردەوام تەندروستی منداڵەکان و داپیرەشیان دەپشکنن.
ئەو زەجر و تاڵاوەی کە خەلافەتەکەی داعش کردی بە قوڕگی موسڵاوییەکاندا، جار جار خالیدە دەگریەنێت و جار جاریش پەیمان و سوێندی ئەوەی پێ دەخوات کە هەرگیز نەگەڕێتەوە موسڵ.
موسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە کە لە وەرزی داعشدا، مێژووە هەزاران ساڵییەکەی لەلایەن چەکدارەکانی خەلافەتەوە ئاوەژوو کرایەوە.
داڕشتنەوە: راوچی حەسەن