رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی دەڵێت، بڕیاریان داوە مارەیی کچانی ئێزدی لە 75 گرام زێڕەوە کەم بکرێتەوە بۆ 25 گرام.
رۆژی چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025 خالید نەرمۆ، راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێزدییەکان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسیدان، نرخی زێڕیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئامانج لەم بڕیارە ئاسانکردنی پرۆسەی هاوژینییە بۆ کچ و کوڕانی ئێزدی."
11ی کانوونی دووەمی 2025 ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی دوایین کۆبوونەوەی کرد. راوێژکاری ئەنجوومەنەکە گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا نرخی مارەیی کەم بکرێتەوە بۆ 25 گرام زێڕ، پێشتر 75 گرام بوو، بەڵام هێشتا نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ماوەی هەفتەیەک بە موختاری گوندهكان، سەرۆک هۆزەکان و هاووڵاتییان بدرێت تاوەکو بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بڕیارە بڵێن، دواتر کە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، پێیەوە پابەند دەبن."
لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنەکە، خالید نەرمۆ گوتی، "بڕیار بوو 18ی مانگ بێت، بەڵام کاتی زیاترمان داوە بە هاووڵاتییان، سەرۆک هۆزەکان و موختارەکان تاوەکو بڕیار بدەن، لەم یەک دوو رۆژەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت."
یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەسەر کراوە، دانانی سزا بووە بۆ جیابوونهوهى هاوسهران. خالید نەرمۆ دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی دانانی سزا بۆ جیابوونهوهى هاوژینان گفتوگۆی لەسەر کرا، ئەگەر رای زۆرینەی لەسەر بێت، ئەم پێشنیازەش دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە."
10 ملیۆن دینار دیاریكراوه وەکو سزای جیابوونەوەی هاوژینان. راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی گوتی، "هەر لایەنێک هۆکاری جیابوونەوەکە بێت، پێویستە 10 ملیۆن دینار بدات."
بڕیاری دیاریکردنی 75 گرام زێڕ وەکو مارەیی لەلایەن ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی لە سەردەمی میر تەحسین بەگ لە ساڵی 2009 دیاریکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ