رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێران بۆ پەردەپۆشی ئەو تاوانەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان کردوویەتی، کۆمەڵێک درۆ و دەلەسەی هەڵبەستووە بەفۆتۆشۆپ، دەرکەوت هەمووی لە راستی دوورن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو جۆرە رووداوانە بەرپرسیارە و دەبێ رێگری لەو جۆرە دەستدرێژییانە بکەن."
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەرێمی کوردستان دراوسێی وڵاتی ئێرانە، ئەوە حەقی دراوسێیەتی نییە کە ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات. هاوکات هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بۆ سەر دراوسێکانی هەڕەشە نەبووە؛ هەمیشە دەستی دۆستایەتی درێژ کردووە. لە هەولێری پایتەخت، ئەو خەڵکانەی کە خوداپێداو بوونە، توانیویانە ئاوەدانی بکەن."
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەم پرسی هێرشکردنە سەر هەولێر و ماڵی پێشڕەو دزەیی، پرسی هەرێمی کوردستان و هەموو جیهانە. نێردە دیپلۆماسییەکان لە سەرەخۆشی ئامادە بوون و هەموویان ئیدانەیان کرد، لە ئاستی نێودەوڵەتییش بە هەمان شێوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە داڤۆس بوو، ژمارەی یەکی زۆر بەرپرسی نێودەوڵەتی بینی، تەوەری یەکەمی گفتوگۆکان ئەم رووداوە دڵتەزێنە بوو. هەموو وڵاتان بە تووندترین شێوە ئیدانەی هێرشەکەی ئێرانیان کرد بۆ سەر شاری هەولێر. دەخوازین ئەمە کۆتا کۆستی هەموو لایەکمان بێت، رووداوی ئاوا دووبارە نەبێتەوە. بەداخەوە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش بووەتە شوێنی ململانێکان. هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو جۆرە رووداوانە بەرپرسیارە و دەبێ رێگری لەو جۆرە دەستدرێژییانە بکەن."
لەبارەی ئەو دوو شاندەی کە حکومەت و پەرلەمانی عێراق ناردوونی بۆ بەدواداچوونی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، سەفین دزەیی گوتی، "بەڕێز ئەعرەجی لێدوانی ئەوەی داوە کە ئەو کۆشکە شوێنێکی نیشتەجێبوونە و خێزانی تێدا ژیاوە. شاندەکەی پەرلەمانیش بۆچوونیان بە هەمان شێوە بوو. بەڵام وردەکارییەکان دواتر خۆیان بڵاوی دەکەنەوە و هێشتا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون. بەڵێنیان داوە خۆیان راپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن، سۆزی ئەوەیان داوە کە ئەو راپۆرتە، دەکرێتە راپۆرتێکی فەرمی، هەروەها بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێتەوە."
لەبارەی بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، "حکومەتی هەرێمی کوردستان باگهێشتی نەکردوون، لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق باڵیۆزی ئێران بەتووندترین شێوە بانگکراوە. هەروەها لە چەند وڵاتی دیکەش بانگ کراون. چونکە پێشڕەو دزەیی چەندین ساڵ لە سوێد ژیاوە و رەگەزنامەی سوێدی هەیە. هاوسەری خوالێخۆشبوو رەگەزنامەی هۆڵەندای هەیە، لەوێش باڵیۆزی ئێران بانگ کراوە. ئێمەش ئەوەی پێویست بێت بەپێی رووداوەکان بێگومان دەیکەین."
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی ئێران سەبارەت بە بوونی بنکەی مۆساد لە هەرێمی کوردستاندا، بەرپرسیەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "نەخێر ئێران ئاگاداری نەکردووینەتەوە، کۆمیسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەش هەیە، ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراقیش تێیدا ئەندامن. زۆر جار بابەتی ئەمنی دێتە پێش، لەو کۆمیسیۆنە گفتوگۆ دەکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیش دراوە. دوو رۆژ بەر لەو رووداوە کۆمیسیۆنەکە دانیشتووە. بە هیچ شێوەیەک کۆمیسیۆن ئاگاداری نەکردووینەتەوە. هاوکات ئەوەی کردوویانەتە بیانوو بێبنەمایە. چونکە ئەو شوێنە، خێزان و ژن و منداڵی تێدا ژیاوە. ئەو بوختان و راپۆرتانە بێ بنەمان."
دوای پێکهێنانی شاندەکانی عێراق بۆ رووداوەکەی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە دوای 48 کاژێر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەیەکەوە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رابگەیێنن.
کاژێر 23:30ـی رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاند، بە 11 مووشەکی بالیستی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج، 4 مووشەک لە کرماشانەوە و 7 مووشەکیش لە پارێزگای ئازربایجانی رۆژهەڵاتەوە (تەورێز) ئاراستەی ئەو شارە کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ