دەم پارتی بەربژێرەکانی ئامەدی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان یەکلایی کردەوە

22-01-2024
هێمن عەساف
نیشانەکردن دەم پارتی
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

رێکخستنەکانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی نێوخۆیی، بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و ئەنجوومەنەکانی، لە ئامەدی باکووری کوردستان یەکلایی کردەوە. 
 
لە رۆژانی 13-14ـی کانوونی دووەمی 2024، پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی نێوخۆیی لەنێو رێکخستنەکانی دەم پارتی بەڕێوەچوو و، لیژنەی هەڵبژاردنی دەم پارتی بەربژێرە دەرچووەکانی گەورەشارەوانییەکان، شار و شارۆچکەکانی یەکلاییکردەوە، دوای ئەوەی 50+1ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. 
 
لیژنەی هەڵبژاردنی دەم پارتی، بەربژێرەکانی هەر 14 شارۆچکەکەی ئامەدی یەکلاییکردەوە، کە لە گەڕی دووەمی دەنگدانەکاندا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنابوو کە پێکدێن لە بەربژێرانی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی یەنیشەهیر، بیسمیل، سوور، ئەرخانی، فارقین، هێزرۆ، کاراز، قوڵپ، لجێ، گێل، چنار، رێزان، پەیاس و پیران. 
 
لیژنەکە، سێ رۆژ وەک ماوەی تانەلێدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەستنیشان دەکات، دواتر لیستی کۆتایی پەسندکراوی تەواوی بەربژێرەکان رادەگەیێنێت.  
 
پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بەربژێرەکانی دەم پارتی لە 90 ناوەندی دەنگدان لە پارێزگەکانی وان، ئەرزەڕۆم، جۆلەمێرگ، مووش، ئیدیر، ئاگری، چەولیگ، خارپێت، سێرت، شرنەخ و رووها بەڕێوەچوو. نزیکەی 100 هەزار ئەندام و لایەنگری دەم پارتی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ دەستنیشانکردنی سێ هەزار بەربژێر. 
 
لە مانگی تشرینی دووەمی 2023ـدا، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە پارێزگای وان رایگەیاندبوو، لەمەودوا لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی، بەربژێرەکان دەستنیشان ناکات، جەماوەر و خەڵکی شارەکان بەربژێری خۆیان لە رێگەی دەنگدانەوە هەڵدەبژێرن و ئەوانیش پەسندیان دەکەن. 
 
پرۆسەکە قۆناخ بە قۆناخ لە سەرجەم پارێزگەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدەدرێت، کە دەم پارتی نیازی بەشداریکردنی تێدا دەبێت.  
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، بەربژێرەکانیان لە رێگەی دەنگدانی ئەندامان و لایەنگرانیانەوە هەڵدەبژێرن و بەربژێریان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی لە حەوت پارێزگای تورکیاش دەبێت. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان، 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـدا، ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، 5 شارەوانیی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەیوومیان بۆ دانراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.