رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان 27 کەسی بریندار بوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان وان - بەدلیس لە باکووری کوردستان، پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا. بەهۆیەوە 27 کەسی سەرنشینی پاسەکە، کە چواریان منداڵ بوون، بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی سێواس، هۆکاری رووداوەکەی بۆ خلیسکان و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی پاسەکە گەڕاندەوە، کە لە نزیک پێچی سەرەکیی گوندی بۆزکڕ لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و لە ئەنجامدا رووداوێکی مەترسیداری لێکەوتەوە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەهاناوەچوونی بەپەلەی تەندروستی بە ژمارەیەکی زۆر ئەمبووڵانس، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاریی روویانکردە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان گواستەوە نزیکترین نەخۆشخانەی شارەکە. دۆخی سەرجەم بریندارەکان جێگیرە.
رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری 10 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیەوە دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار و 281 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ