حەمید سابیر، هونەرمەند و راگەیاندنکار بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

حەمید سابیر، هونەرمەند و کادیری دێرینی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە کاتی پەڕینەوە لە شەقامێکی هەولێر ئۆتۆمبێل لێی دەدات و بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات.
 
کاژێر 8:30ـی شەوی دووشەممە، 22-01-2024، راگەیاندنکاری شاری هەولێر حەمید سابیر، کە جێگری بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان بووە، بە رووداوی هاتووچۆ گیانیلەدەستدا.
 
کەسێکی نزیک لە حەمید سابیر، بە رووداوی گوت: "رووداوەکە لەبەرامبەر یەکێک لە مارکێتەکانی گەڕەکی فەرمانبەران روویداوە، مام حەمید دوای راگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی بە پیادە ویستوویەتی بپەڕێتەوە شەقامی بەرامبەر و لەو کاتەکە ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆر خۆی پێدا کێشاوە و بەو هۆیەوە  گیانی لەدەستداوە.
 
حەمید سابیر، کە لە دایکبووی ساڵی 1961ـە، بە "مام حەمید" یان "خارە حەمید" ناسرابوو، یەکێک بوو لە راگەیاندنەکارە دێرینەکانی یەکێتی لە هەولێر، راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.
 
حەمید سابیر ئەکتەر و شانۆکاریش بوو، بەشداری لە چەندین کاری هونەریدا کردبوو، لەوانە تەمسیلی (تاپۆ حەقی چییە؟) کە رۆڵی سەعیدی بینیوو، لە تەمسیلەکە کوڕی خدر لۆبیافرۆش بووە.