رێکخراوی هەنگاو: کۆڵبەرێک لە سنووری تەوێڵە لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق کوژراوە، پاسەوانی سنووری عێراقیش رەتیدەکاتەوە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ تەقەیەک کرابێت و کەسیان کوشتبێت.
رۆژی دووشەممە 22-01-2024، ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کاژێر نزیکەی 15:30ی خولەکی ئەمڕۆ لە سنووری ناوچەی کەلیبەر لە ناحیەی تەوێڵەی پارێزگای هەڵەبجە پاسەوانی سنووری عێراق تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد بەناوی هۆشیار مەحموودی کرد، کە خەڵکی گوندی شمشێری شارۆچکەی پاوەیە، گولـلە بەر سەری کەوتووە و کوژراوە."
ئەرسەلان یارئەحمەدی جەختی لەوە کردەوە، پاسەوانی سنووری عێراق تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و گوتی، "ئێمە دڵنیاین و لە چەند سەرچاوەیەکی خۆمانەوە دڵنیابووینەتەوە ئەو کۆڵبەرە لەنێو خاکی باشووری کوردستان و لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە کوژراوە، دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، یەکێکیان گوللە بەر قاچی کەوتووە."
بەڵام گوتەبێژی پاسەوانی سنوور زانیارییەکانی رێکخراوی هەنگاو رەتدەکاتەوە.
هەورامان محەممەد، گوتەبێژی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی هەورامان بە رووداوی گوت، "ئێمە پەیوەندیمان بە هاوڕێیانمانەوە کردووە، ئەمڕۆ لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە لەو سنوورە هیچ تەقەیەک نەکراوە و کەس نەکوژراوە."
بەپێی گوتەی ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی هەنگاو کە وا خۆی پێناسە دەکات رێکخراوێکە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (رۆژهەڵات) رووماڵ دەکات، کۆڵبەرە کوژراوەکە رەوانەی رۆژهەڵات کراوەتەوە و تەرمەکەی براوەتە شارۆچکەی نەوسوود.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ساڵی رابردوو 332 کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان بوونەتە قوربانی، کە لەو ژمارەیەش زیاتر لە 86% بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران بوون و لە ئەنجامدا 41 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 291 کۆڵبەریش بریندار بوون. لەو ژمارەیەش 26 کۆڵبەریان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە.