پسپۆڕێکی گۆڕانی کەشوهەوا: بارانبارینی ئەم ساڵ دڵخۆشکەرە

22-01-2024
بیلال ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی گۆڕانی کەشوهەوا رایدەگەیێنێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین روو لە باکووری کوردستان دەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، هەفتەی داهاتووش پلەی گەرما لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەبەزێت و بەفر لە نزیک دەریاچەی ورمێ دەبارێت.
 
د. سلێمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی گۆڕانی کەشوهەوا لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئاستی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەوەی تائێستا باریوە دڵخۆشکەرە و تاڕادەیەک لەگەڵ ئامارەکان نزیکە و لە هەندێک شوێن زیاترە، لە مانگی شوبات و ئادار بارانی زۆر دەبارێت، ئەم ساڵ رێژەکە بەپێی پێشبینییەکان تەواو بووە، بەڵام شێوازی دابەشبوونەکەی خراپ بووە، چونکە کوردستان گەرمیان و کوێستانی هەیە و دوو ناوچەی جیاوازن بۆ بارین."
 
بەپێی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ رێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بەپێی پێشبینییەکان بووە و لە هەندێک ناوچە تائێستا زیاتر لە ساڵی رابردوو باران باریوە، بۆ نموونە لە قەزای مێرگەسۆر تاوەکو 13-01-2024 زیاتر لە 1197 میلـلیمەتر باران باریوە کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەو کاتە تەنیا 277 میلـلیمەتر باران باریبوو.
 
لەبارەی جیاوازیی رێژەی بارانبارین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، د. سلێمان عەبدوڵڵا دەڵێت، لە هەولێر هەندێک جار سایکۆنێک دێت و بەسەریدا تێدەپەڕێت و نابارێت، چونکە فاکتەرەکانی دابارین نین، بەڵام کە دەگاتە ناوچە شاخاوییەکان، بارانێکی دیکە دروست دەبێت و پێی دەڵێن بارانی چیایی، شێوازی هاتنی سایکۆنەکان و تێپەڕینیان بەسەر هەندێک ناوچە وایکردووە بارانی ئەو ناوچانە زیاتر بێت، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی جیاوازی هەیە لەنێوان شوێنەکان، بەڵام رێژەکە باشە و لە هەندێک شوێن زیاتر و هەندێک کەمترە لە پێشبینییەکان.
 
سەبارەت بە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، ئەو پسپۆڕەی کەشوهەوا گوتی، بەپێی پێشبینییەکان، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان پلەی گەرما دادەبەزێت و باران و بەفری زۆر دەبارن، شەممەی داهاتوو لە رۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ بەفر دەبارێت، لە باکووری کوردستانیش، بەفر و بارانی زیاتری لێدەبارێت و پێشبینی دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا شەپولێکی بەفربارینی بەهێز باکووری کوردستان بگرێتەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
 
لەبارەی جیاوازیی کاریگەریی نێوان بەفر و باران لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ، د. سلێمان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، باران کاریگەریی زیاتری هەیە، بەفربارینیش باشە، بەڵام هەر 10 میلـلیمەتر بەفر دەکاتە یەک میلـلیمەتر باران، چونکە بەفر 90% هەوایە، قەبارەکەی زیاتر هەوایە، 10%ی بەفر ئاوە، بەڵام کاریگەریی باشی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی هەیە.
 
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕەی کەشوهەوا ئاشکرای کرد، باشوور و رۆژئاوای کوردستان زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەڵێت، باشوور و رۆژئاوای کوردستان زیاتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان رووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە و هۆکارەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە نزمن لەڕووی ئاستی دەریاوە، هەروەها ئەو ئایکۆنانەی لە دەریای ناوەڕاستەوە دێن کەمتر کاریگەریان هەیە لەسەر ناوچەکە، کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئەم دوو بەشە زیاتر بەدیاردەکەون بەهۆی چڕی رێژەی دانیشتووان و زۆری زەوی کشتوکاڵی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.