رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی چوارقوڕنە لە ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی سووتانی ماڵێکەوە ژنێکی 25 ساڵ کە دووگیان بووە، گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت، ژنەکە بە تەنیا لە ماڵ بووە و هاوژینەکەی لە ماڵەوە نەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 22-1-2023، نەقیب عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کاژێر 07:52 هێزەکانمان لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکی چۆمان لە ناحیەی چوارقوڕنە ئاگادار کرانەوە؛ بەداخەوە دیاربوو رووداوەکە زووتر روویداوە و نزیک کاژێر 07:00 بووە، بەڵام کەس ئێمەی ئاگادار نەکردبووەوە، بۆیە تاوەکو هێزەکانمان گەیشتن ژنێک لە ماڵەکەدا سووتا بوو".
ژنەکە ناوی ئاشتی موسڵیحە و تەمەنی 25 ساڵە، عەلی قادر گوتی، ژنەکە دووگیان بووە و بە تەنیا لە ماڵەوە بووە، چونکە هاوژینەکەی لە دەوام بووە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گوتی: "ژنەکە لە ماڵەوە نووستبوو و، هیتەر کارەبا کاری کردووە، بەڵام پلاکی هیتەرەکە تواوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرکەوتووەتەوە و ژنەکە گیانی لەدەستداوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ