کوردستان
پارتی رازییە، هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی بکرێت. سەعدی پیرەش دەڵێت: رازین ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی دواخست و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سوورن لەسەر ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت. پارتی رازیبووە هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی بکرێت و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش دەڵێت، "رازین ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن بکرێت و ئەو ناکۆکییانەی لەگەڵ پارتی هەمانە، لە کۆبوونەوەی دووقۆڵیدا دەیانخەینەڕوو."
شوباتی ساڵی 2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 01-10-2022ی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی حیزبە سیاسییەکان لەسەر یاسا و سیستمی هەڵبژاردن و پرسی کۆتاکان، نەتوانرا هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
محەممەد هاودیانی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی دەزگای پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "گەورەترین هەڵە کە هەرێمی کوردستان لە رووی پێگەی دیموکراسیی و بەیەکەوەژیانی سیاسی و پێگەی نێودەوڵەتیشەوە ئەنجامیدا، درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و حکومەت بووە کە ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی بوو."
محەممەد هاودیانی گوتی: "دەبێ هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێن و ئەو بیانووانەی خراونەتەڕوو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، بیانووی نایاسایین و هێز و توانای یاسایی ئەوەیان نییە هەڵبژاردنی پێ دوابخەن، بۆیە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەیەوێت تا زووە هەڵبژاردن بکرێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، یەکگرتوو لەگەڵ هەڵبژاردنی فرەبازنەییە و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "هیچ کێشەیەکیشمان لەسەر زیادکردنی کورسی کۆتاکان نییە، بەڵکو پێمان وایە کورسی کۆتاکان "ئیستغلالی سیاسی" کراوە لەلایەن هێزێکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان" و دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەین کۆتاکان تۆماری تایبەتی خۆیان هەبێت و دەنگدەری خۆیان دەنگیان پێبدات بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی وەکو خۆی بەڕێوەبچێت و نەکەوێتە دەست حیزبێکی سیاسیی و سوودی سیاسی لێ وەربگرێت."
حیزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بە یەک بازنەیی بکرێت. ئەبوو کاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردن دەڵێت: "لەگەڵ ئەوە نەبووین تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە و ناکرێت بە کارێکی نایاسایی هەڵبژاردن دوابخرێت، ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت."
ئەبوو کاروان دووپاتیکردەوە: "لەگەڵ سیستمی هەڵبژاردنی یەک بازنەییداین و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەو بۆچوونەیان خستووەتەڕوو، ئێستاش پێیانوایە هەڵبژاردن بەم سیستمە بکرێت باشترە لەوەی کە دوابخرێت."
لەبارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان پێیوایە: "پارتی و یەکێتی ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن کێشەکان چارەسەربکەن. لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیشدا ئەو ئاراستەیە بەدیدەکرێت کە قبووڵی بکەن هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی بەڕێوەبچێت، پێویستە ئەو دوو حیزبە خاڵێکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت و هەمووان لە هەڵبژاردن بەشداربن."
پرسی کۆتاکان یەک لەو مژارانە بوو کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکییان لەسەری هەبوو و ئەندامێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووریش دەڵێت: "با لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتاکان رانەکێشنە ناو ململانێکانی خۆیانەوە."
ئاودێر مەربینا، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و سندووقی کۆتاکان بەجیا بێت و تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆمان هەبێت، تاوەکو ئەوەی کە سەر بە نەتەوەی ئاشوورییە دەنگ بە ئێمە بدات. بەم شێوەیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت."
ئاودێر مەربینا دەڵێت: "ئەوەی ئێستا پێکهاتەکان بە بەربەستی هەڵبژاردنەکان دادەنرێت، بەم شێوەیە نییە و ئێمە هیچکات نەبووین بە بەربەست، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی یاساییە و چوار ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، ئەگەر حیزبەکان کێشەی سیاسییان هەیە، حەز ناکەین ئێمە بخەنە نێو ململانێکانی خۆیان."
بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات پارتی و یەکێتی کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بێنن و بە زووترین کات وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دابنرێت. رێکخەرى ژوورى پەرلەمانى بزووتنەوەکەش دەڵێت: "پارتی و یەکێتی بەهۆی ئەو گرژییانەی نێوانیان وڵاتیان لە هەموو روویەکەوە وێران کردووە."
کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزووتنەوەى گۆڕان گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان بە باشیی دەزانێت هەڵبژاردن بە سیستمی فرە بازنەیی بەڕێوەبچێت و یاسای هەڵبژاردنەکان لە خزمەت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردبێت و زەوینە خۆشبکات بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە کوردستاندا هەبێت."
لەبارەی سەرنجی گۆڕان لەسەر کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، کاردۆ محەممەد پێیوایە: "دەبێ کۆتاکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و یاسای هەڵبژاردن لە خزمەت ئەو نوێنەرایەتییە راستەقینەدا بێت."
بە گوتەی رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزووتنەوەى گۆڕان: "پارتی و یەکێتی بەهۆی ئەو گرژییانەی نێوانیان وڵاتیان لە هەموو روویەکەوە وێران کردووە، مەترسی و هەڕەشەی زۆر گەورە هەیە، بۆیە پێویستە خاڵێک دابنێن و قۆناخێکی نوێ دەستپێبکەن و داببڕێین لەو کولتوورەی ناوە ناوە ململانێکان دەگەیێنێتە ئاستی ئەوەی چارەنووسی خەڵکەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە."
ناکۆکیی سەرەکی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن لە نێوان یەکێتی و پارتیدابوو کە پارتی پێیباشبوو دوای ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمان هەمواری یاساکە بکاتەوە و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بە هەمان یاسای پێشوو بەڕێوەبچێت، ئەمەش وایکرد هەڵبژاردن دوابخرێت و لە 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازهیاساى بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستانی پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 12ی 2023 درێژکردەوە.
لە پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پێویستە لە ماوەی ئەو وادەی بۆ درێژکردنەوەی پەرلەمان دیاریکراوە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامبدێت، بەڵام لەماوەی ئەو سێ مانگەدا پەرلەمان تەنیا چوار جار کۆبووەتەوە. ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت: "یەکێتی رازییە سبەی هەڵبژاردن بکرێت."
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: "یەکێتی رازییە سبەی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دەبێت ئەو گۆڕانکارییانەی بووەتە هۆی هەبوونی ساختەکاری و ناڕێکی کە هۆکاربووە بۆ لاوازکردنی دامەزراوە جێبەجێکارەکان نەمێنن."
پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا رازییە بەوەی سیستمی هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی بەڕێوەبچێت و گڵۆپی سەوزی بۆ هەمواری یاساکە هەڵکردووە، سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت: "کێشەکانمان لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا لەگەڵ پارتی دەخەینە بەرباس، وا باشترە لە رێگەی راگەیاندنەوە بەیەکتری نەڵێین."
لەبارەی ژمارەی کورسی کۆتاکان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی: "ئێمە نامانەوێ ژمارەی کورسی کۆتاکان کەمبێتەوە، بەڵام دەبێ یەکێتی و پارتی واز لە کۆتاکان بهێنن، بەرپرسی کۆمیتە و ناوچەی یەکێتی و پارتی نەکەن بە نوێنەری پەرلەمان بەناوی کۆتا."
سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە: "هەڵبژاردنی پەرلەمان سەرباری ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی ئەمساڵ دەکرێت، لەبەرئەوەی ئێمە سیستمێکی سیاسیی پەرلەمانیی فرەچەشنمان هەیە و بەرنامە و جیهانبینی جیاوازمان هەیە، لە رابردوو جاروبار ناکۆکیمان هەبووە، ئێستاش هەمانە و لە داهاتووش دەمانبێت، بەڵام حوکمڕانیش دەکرێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا نەرمی نواندووە بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەش دەڵێت: "هەر سیستمێک لە بەرژەوەندی گشتیی هەرێمی کوردستاندا بێت ئێمە ئامادەین" و لەبارەی کاتی هەڵبژاردنیش گوتی: "وەکو پارتی وابەستەی ئەو بڕیارە دەبین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن دەریدەکات."
هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "هەر سیستمێک لە بەرژەوەندی گشتیی هەرێمی کوردستاندا بێت ئێمە ئامادەین، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش بابەتەکە لای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە وادەیەک دیاریبکات، ئێمە وەکو پارتی وابەستەی ئەو بڕیارە دەبین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەریدەکات."
لەبارەی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هیوا ئەحمەد پێیوایە ئەو ناکۆکییانە کار ناکەنە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەڵێت: "هەوڵدەدەین کێشەکانمان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەین، بەڵام هەڵبژاردن جیاوازە و دەبێ بەڕێوەبچێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە: "لە شەڕی ناوخۆ شیرازەی پەیوەندییە سیاسییەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان هێندەی ئێستا تێک نەچووە" و "هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد" بە چارەسەری ئەو گرفتە دەزانێت.
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیدا: "ئێمە لە مانگی 11ی 2021 پێشنیازی هەمواری یاسای هەڵبژاردنمان دایە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و داوامانکرد سیستمی هەڵبژاردن چوار بازنەیی بێت و لەسەر پرسی تۆماری دەنگدەران و پێکهاتەکانیش سەرنجی خۆمان خستەڕوو."
عەبدولستار مەجید گوتی: "داوامان ئەوەیە ژماردنی دەنگەکان هەم بە ئەلیکترۆنی و هەم بە دەست بێت. بەگشتی لەگەڵ ئەوەین کە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە رێ لە ساختەکاریی بگیرێت و دامەزراوەکانی حکومەت بەهێز بکرێن."
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری پێیوایە: "لە شەڕی ناوخۆش شیرازەی پەیوەندییە سیاسییەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هێندەی ئێستا تێک نەچووبوو، بۆیە یەک لە چارەسەرییەکانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ