وردەکاریی گیانلەدەستدانی ژنێکی دووگیان بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە لە چوارقوڕنە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵی هێدی ئەنوەر لە شارۆچکەی چوارقوڕنە سووتا؛ ئاگرەکە کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و هاوژینە دووگیانەکەشی کە تەمەنی 26 ساڵ بوو، گیانی لەدەستدا.
هێدی ئەنوەر، هاوژینی قوربانییەکەیە و دەڵێت: کاتێک لەخەو هەڵسام لەناو دووکەڵی ئاگرەکەدابووم، دراوسێکانم بەدیوارەکەیاندا دەکێشا، دڵنیابووم هاوسەرەکەم رایکردووەتە دەرەوە، تاوەکو چووم بانگی خەڵک بکەم فریام بکەون ئاگرەکە زیادیکرد و نەمزانی هاوسەرەکەم لە ژوورەوەیە گیانی لەدەستدا.
موسلیح ساڵح، باوکی ئەو ژنەیە کە بەهۆی ئاگرەکەوە گیانی لەدەستدا و دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی هاوژینییان ئەوە چوارەم جارە ماڵی کچەکەم دەسووتێت.
موسلیح ساڵح باسی لەوە کرد: دراوسێکەمان گوتی، وەرە ماڵی کچەکەت سووتا، بەپێخواسی رامانکرد، ئاگرەکە زۆربوو نەمانتوانی بچینە ژوورەوە، زۆر هەوڵمدا هەموو سەر و گوێم سووتا، بەداخەوە کچەکەم گیانی لەدەستدا.
بەهۆی گڕی ئاگرەکەوە سەقفی خانووەکە کە دارە گڕی گرتووە و رووخاوە. عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەرین بە رووداوی گوت: هۆکاری رووداوەکە شۆرتی کارەبا بووە، دوای ئەوەی تیمەکانمان دەگەنە شوێنی رووداوەکە بەداخەوە ئافرەتێکی دووگیان گیانی لەدەستداوە.
هێدی ئەنوەر و ئاشتی موسڵیحی هاوژینی دوو ساڵ بوو ژیانی هاوبەشیان پێکهێنابوو، لەبەر خراپی باری داراییان لە خانوویەکی گڵدا کە مانگانە بە 120 هەزار دینار بەکرێیان گرتبوو دەژیان.