رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردن یەکێکە لە مژارە گەرمەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەی هەمووان لەگەڵ ئەوەن هەرچی زووە دەبێت پەلە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ناکۆکی و رێکنەکەوتنی نێوان پارتە سیاسیەکان، بەتایبەتیش ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەو پرۆسەیەی خاو کردووە.
لە ساڵی رابردوو خاڵی ناکۆکی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن لەسەر کۆمیسیۆن و پێکهاتەکان بوو، بەڵام سەرەکیترین خاڵ کە لەسەری رێکنەکەوتن بەم جۆرە بوو: پارتی و پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکان لەگەڵ ئەوەبوون کە شێوازی هەڵبژاردن بە شێوەی یەک بازنەیی بمێنێتەوە، بەڵام یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ داوای گۆڕینی سیستمەکەیان دەکرد بۆ چوار بازنە
هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: هەوڵ دەدەین چارەسەری کێشەکان بکەین، بەڵام هەڵبژاردن جیاوازە هەڵبژاردن دەبێت بکرێت.
پرسیار: ئێوە رازیبوون بە فرەبازنەیی، ئێستا لە نێوان پارت و یەکێتی بۆ بابەتی هەڵبژاردن گرفتی چی ماوە؟
هیوا ئەحمەد مستەفا دەشڵێت: "ئێمە وەکو پارتی رازین."
هەروەها سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "یەکێتی رازییە بەیانی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانەی بووەتە هۆکاری بوونی ساختەکاری و ناڕێکی کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوە تەشریعیەکان نەمێنێت."
پرسیار: بە هەبوونی ئەو هەموو کێشە ئیداری و سیاسییە لە نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت هەڵبژاردن بکرێت؟
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: زۆر چاک دەکرێت لەبەر ئەوەی ئەمە سیستمێکی سیاسی پەرلەمانی فرەییمان هەیە، بەرنامەی جیامان هەیە، جیهان بینی جیامان هەیە.
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پێموایە کاتی شەڕی ناوخۆش شیرازەی پەیوەندییە سیاسییەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەمجۆرە تێکنەچووبوو. پێموایە یەکێک لە چارەسەرەکانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە."
بەپێی گوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە 2ی مانگی داهاتوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات. لەو رۆژەی کە وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت کۆمیسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکارییەکان.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە رووودای گوت: لە 2018 لە سێ مانگ و نیو هەڵبژاردنمان ئەنجامدا، بەڵام بەڕاستی گرفتی تێدابوو و کەموکوڕی تێدابوو، نامانەوێت جارێکی دیکە ئەو کەموکوڕیانە دووبارە بکەینەوە، دەمانەوێت ئەزموون لەو کەموکوڕیانە وەربگرین.
بەیانیی 23 مانگ بڕیارە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ