لە سلێمانی هاونیشتمانییەک پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی دڵ هەیە؛ "لە دەرەوەی وڵات دەکرێت و تێچووی زۆرە"


رووداو دیجیتاڵ 

ئاسۆ عوسمان، باوکی چوار منداڵە و زیاتر لە ساڵێکە تووشی نەخۆشیی دڵ بووە. پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی دڵیش دەڵێت، دڵی ئاسۆ بەشێوەیەک لاوازبووە کە توانای پاڵنانی خوێنی نەماوە. 
 
ئاسۆ بەهۆی هەژارییەوە ناتوانێت چارەسەری خۆی بکات. پاش سێ جەڵتەی دڵ، دڵی هێندە لاواز بووە توانای پاڵنانی خوێنی نەماوە و شلەمەنی لەنێو لەشیدا کۆدەبێتەوە کە بەشێکی لە رێگەی پێستییەوە دێتە دەرەوە. 
 
ئاسۆ چوار منداڵی هەیە، لەبەر نەبوونی سەرچاوەی داهات، دوو کوڕە تەمەن 15 ساڵەکەی وازیان لە خوێندن هێناوە و کار دەکەن. 
 
ئاسۆ عوسمان، نەخۆشێکە لە سلێمانی و دەڵێت: هەموو لەشم کون کون دەبێت، توانام نەماوە و ناتوانم بەپێ بڕۆم، خەوم نەماوە، هیچ توانایەکم نەماوە، سکم رەق دەبێت و دەئاوسێت ناتوانم بە هەفتە نان بخۆم، تەنها ئاو دەخۆم. 
 
ئاسۆ عوسمان زیاتر باس لە دۆخی خۆیان دەکات و دەڵێت: منداڵ و هاوژینەکەم بەهۆی منەوە فەوتاون رزگاریان بکەن، لە شەو تاوەکو بەیانی پەڕۆ دێنێن و دەبەن بۆئەوەی ئەو ئاوەی لە لەشم دێتە دەرەوە پاکی بکەنەوە. شەو هەیە ئەگەر کاژێرێک بخەوم هەتا بەیانی هەر دەگریم. 
 
لە ماوەی نەخۆشکەوتنیدا چەندین پزیشکی بینیوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان چارەسەری نییە.
 
دکتۆر سەرکەوت داود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەیە و دەڵێت: ئێستا ماسولکەی دڵی بەشێوەیەک لاوازبووە کە توانای پاڵنانی خوێنی نەماوە، بەڕادەیەک کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلەمەنی لە ژێر پێستی لەناو و دەوری سییەکانی، لەناو سکی، لە دەوروبەری زۆرینەی ئۆرگانەکانی لاشەی. 
 
وەک ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەڵێت: لە هەمان کاتدا گوشاری خوێنی نزمە، بۆیە ناتوانێت دەرمانەکانی بەکاربێنێت یان بە رێژەی پێویست بەکاریبێنێت. چاندنەوەی دڵیش تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نەکراوە لە وڵاتانی دەوروبەرمان دەکرێت، ئەمیش تێچووی زۆرە.
 
خێزانەکەی ئاسۆ نزیکی شەش ساڵە لە گەرمیانەوە بۆ کارکردن چوونەتە سلێمانی و ئێستا لە گەڕەکی مەلا داود لە خانوویەکی کرێدا دەژی.
 
هاوژینی ئاسۆ لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: بەر لە نەخۆشکەوتنی هاوژینەکەم، بژێویمان باشبوو، ئێستا ئەگەر دەرمانەکانیش نەخوات، ناتوانێت دابنیشێت، نرخی چارەسەرییەکانیشی گرانە و مانگانە زیاتر لە 300 هەزار دینار نرخی دەرمانەکانیەتی.