شاندێکی پەرلەمانی کوردستان لە بەغدایە و لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە گفتوگۆ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لە بەغدایە، سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، بۆ گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێک چوونەتە بەغدا کە دیارترینیان بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و بۆشاییە ئەمنییەکانیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانە.
 
رۆژی یەکشەممە 22-1-2023، شاخەوان رەئووف، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی چەند کۆبوونەوەیەکمان دەبێت، لەوانە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق و لیژنەی بەرگری و ناوخۆ لە پەرلەمانی عێراق." 
 
لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە، شاخەوان رەئووف گوتی، گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک دەکەن، لەوانە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و زانینی هۆکاری رێگرییەکان لێی، هەروەها کردنەوەی دەروازەی سنووری سازان لە سنووری هەڵەبجە. دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆشایی ئەمنییان تێدا دروستبووە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان دەبن.
 
هەڵەبجە نۆ ساڵە چاوەڕوانی ئەوەیە ببێتە پارێزگای ژمارە 19ـی عێراق. لە کاتێکدا ساڵی 2014ەوە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژمارە 54ـی خۆی لە 31-12-2013 بڕیاری ژمارە 568ـی تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجەی دەرکرد. هەروەها رۆژی 14-1-2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد و تاوەکو ئێستا بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانەوە بە پارێزگا نەناسێندراوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان. 
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە داوا دەکەن پاسەوانی سنوور بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و گوتیشی: "تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکانمان گفتوگۆ دەبێت لەسەر بۆردوومان و تۆپبارانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە."