نزیکەی 6 هەزار گەشتیاری زستانە سەردانی قەزای باتیفا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو شەپۆلە بەفربارینەی کە هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری لە ناوچە گەشتیارییەکان، بەشێک لە گەشتیارانی نیگەرانکردووە.
ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای باتیفا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ کردووە، لەو ناوچەیە نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفرباریوە، بەڵام خراپی رێگە گەشتیارییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری گەشتیارانی نیگەرانکردووە. سەرۆکی دەستەی گەشوگوزاری هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، پلانیان هەیە رێژەی هێنانی گەشتیاری زستانە بەرزبکەنەوە.
هەیسەم هەرکی، گەشتیارە و بە رووداوی گوت، "خەڵک هەموو زەویەکانی تەلبەند کردووە، ناتوانین ئۆتۆمبێلەکانمان رابگرین، ئەم شوێنە هیچ خزمەتگوزارییەکی لێ نییە، ئەمانە چیای کوردستانن دەکرێت خواردنگەیەک، کافتریایەک یان شوێنێکی گەشتیاری خۆش دروستبکرین بۆ ئەوەی خەڵک بێن و سەردانی بکەن، سەیری لوبنان و تورکیا بکەن، گەشتیارانی زستانەیان لە گەشتیاری هاوین زیاترە."
نزیکەی شەش هەزار گەشتیار سەردانی قەزای باتیفایان لە سنووری ئیدارەی زاخۆ کردووە.
گولدان سەلیم، گەشتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "دوای سێ هەفتە لە تاقیکردنەوە و ماندوبوونێکی زۆر، بە پێویستمانزانی سەردانی ئەم ناوچەیە بکەین بۆ ئەوی تۆزێک لە کەشی خوێندن دوور بکەوینەوە، لە باتیفا بەفرێکی زۆر باریوە و دیمەنێکی جوانی هەیە، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری لەم شوێنە گەشتیاران بێزار دەکات، هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکات."
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە پلانیاندایە تاوەکو نێوەڕاستی ئەمساڵ، رێژەی هێنانی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بەرز بکەنەوە، لە پلانیشیاندایە لە زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکان چاڵاکییە وەرزشیییەکان ئەنجامبدرێن.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە پلانمان هەیە کە جۆرەکانی گەشتوگوزاری زستانە فراوان بکەین، هەر یەکێک لەو جۆرانە پێویستی بە رێنمایی تایبەت هەیە، ئەوەش پێویستی بەوەیە رەزامەندی لایەنی پەیوەندیداری بۆ دەربچێت، ئێستا وا خەریکی ئەوەین، هیوادارین تاوەکو نێوەڕاستی ئەمساڵ بتوانین هەموو رێنماییەکان ئامادە بکەین، زۆر کەموکوڕیمان هەیە پیویستمان بە چارەسەرکردنە."
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 100 ناوچەی گەشتیاری هەن.