ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: 3 کەسی سڤیل لە هێرشێکی درۆنیدا لە حەسەکە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی تورکیادا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، سێ کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا.
هێرشەکە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە دوو رۆژنامەڤان لە هێرشێکی دیکەی درۆنیی تورکیادا لە نزیک بەنداوی تشرین لە حەلەب کوژران، لە کاتێکدا رووماڵی شەڕی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیایان دەکرد.
دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم رووخێندرا، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان زیادکرد.
میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "داگیرکاری تورک بە درۆن هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی نێوان هۆڵ و تەل بەراک" لە پارێزگەی حەسەکە و لە ئەنجامدا، "سێ کەسی سڤیل کوژران."
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "ئەم تاوانە، یەکێکە لە زنجیرەیەک پێشێلکاریی دژی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ، کە بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل قەدەخە دەکەن."
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
ئەنقەرە چاوی لەوەیە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەنگاو دژی هەسەدە بنێن و ئەو شتەی کە بە "هەڕەشەی ئەمنی" بۆ سەر تورکیا ناوی دەبات، لە سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان نەمێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە و تاوەکو شەڕڤانان چەک دانەنێن، دەست هەڵناگرێت.
سوپای تورکیا لە رابردوودا بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە؛ هێرش ناکاتە سەر خەڵکی سڤیل.
هێرشە درۆنییەکان لە کاتێکدان کە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن سوورن لەسەر هێرش بۆ سەر شاری کۆبانێ.
هەسەدە ئەمڕۆ رایگەیاند، 35 چەکداریان کوشتووە و دەیانی دیکەیان لە نزیک بەنداوی تشرین بریندارکردووە.