بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی: جەخت لە خێراترکردنی پێکهێنانی حکومەت کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە؛ بەپێی راگەیێندراوێکی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە بافڵ تاڵەبانی و سوودانی کۆبوونەتەوە و "کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و لەو بارەیەوە سەرۆک بافڵ رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. داواشی لە سەرۆکوەزیران کرد وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و رێگری لە بەسیاسیکردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بکرێت".
 
بافڵ تاڵەبانی هەروە دەڵێت، هەر لەکۆبوونەوەکەدا "خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار و دادپەروەر جەختیلێکرایەوە".
 
دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو بارەیەوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پرسی حکومەتی نوێ روونە و دەمانەوێت یەکسانی و دادپەروەری بنەمای حکومەتی داهاتوو بێت، دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات، ئامانجەکەی بەهێزترکردنی کوردستان بێت و توانای چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەبێت".