مەزڵووم عەبدی: بە تووندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەڵمانیا سەرکۆنە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی بازاڕێکی کریسمسی ئەڵمانیا دەکات کە بووە هۆی کوژرانی 5 کەس و برینداربوونی سەرووی 200ـی دیکە.
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، فەرماندە کوردەکە نووسیویەتی: "بە تووندترین شێوە ئەو هێرشە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکەین کە لە ئەڵمانیا روویدا و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزانی قوربانییان و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین".
هێرشەکە لە لایەن پزیشکێکی بە رەچەڵەک سعودیی دژە ئیسلامەوە کرا، کاتێک لە شاری ماگدێبورگی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خۆی بە نێو قەرەباڵخیی بازاڕێکی کریسمسدا کرد.
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "ئەم کارە تاوانکارییە جارێکی دیکە، گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرپەرچدانەوەی لە هەموو شوێنێک نیشاندەدات."
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا هێرشەکەی سەرکۆنەکرد.
هێرشکارەکە پزیشکێکی دەروونیی تەمەن 50 ساڵی بە رەچەڵەک سعودییە بە ناوی تاڵیب جەواد عەبدولموحسنە و لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ، شۆڵتز بە جلی رەشەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتەکەی سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کرد و گوڵیان لە بەردەم کەنیسەیەک دانا.
شۆڵتز ئاماژەی بەوە کرد، 40 لە برینداران لە دۆخێکی "نیگەرانکەر"دان.
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، وڵاتەکەی "بە هەموو هێزی یاساوە" وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە؛ هەروەها داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، یەکگرتوو بن، لە کاتێکدا پرسی کۆچبەران و ئاساییش بووەتە تەوەرێکی مشتومڕهێنی کۆمەڵگەی ئەڵمانی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە شوباتی ساڵی داهاتوو.
شۆڵتز هێرشەکەی بە "زۆر خراپ و شێتانە" ناوبرد، بەڵام سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ ئەو هاوسۆزییە دەربڕی کە وڵاتانی سەرانسەری جیهان بۆ ئەڵمانیا پێشانیاندا.
گوتیشی: "باشە کە گوێمان لێدەبێت ئێمەی ئەڵمانی لە بەردەم ئەم کارەساتەدا بە تەنیا نین."
هێرشکارەکە لە ساڵی 2006ـەوە لە ئەڵمانیا دەژیت، مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی هەیە و لە نۆرینگەیەکی نزیک شاری ماگدێبورگ کاری دەکرد.
هێرشکارەکە بێباوەڕبوونی خۆی بە ئیسلام راگەیاندووە و یارمەتیی ئەو ژنە سعودییانەی دەدا کە هەوڵی جێهشتنی سعودییەیان دەدا؛ لە هەژمارەکانییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێرشکارەکە قسەی تووندی بەرامبەر ئیسلام دەکرد و بەرگریی لە ئیسرائیل و راستڕۆیە تووندڕۆکان دەکرد.
تاڵیب جەواد عەبدولموحسن حکومەتی ئەڵمانیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە پلانی هەیە هەموو ئەورووپا بکاتە کیشوەرێکی ئیسلامی، هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا بە ستەمکردن و ناپاکیکردن لە ئۆپۆزیسیۆنی سعودی تۆمەتبار دەکات.