چالاکڤانان و رێکخراوەکانی جینۆساید: نابێت رێگە بدرێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان جینۆساید بکرێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوەکان و چالاکڤانانی داکۆکیکار لە کەیسەکانی جینۆساید لە باشووری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، یەکدەنگی خەڵکی چوار پارچەی کوردستان بۆ دۆخی رۆژئاوای کوردستان پێویستە. یەکێک لە بەشدارانی راگەیێندراوەکە دەڵێت، "ئامانجمان یەک دەنگی کوردە".
 
40 رێکخراو و چالاکڤانی بواری جینۆساید لە باشووری کوردستان، لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەمڕۆ (شەممە، 21-12-2024)، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، "زەوینەیەکی لەبار بۆ پێکەوەژیان و دابینکردنی مافی گەلان لە سووریادا رەخسێندراوە کە هەمووان تێیدا یەکسان و سەربەست بژین".
 
رێکخراو و چالاکڤانانی جینۆساید دەڵێن، "پێچەوانەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی ژیانێکی شکۆدار بۆ هەموو مرۆڤەکان، هەروەها پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکان لە سووریا، دەبینین پیلانێکی شەڕەنگێزانە بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و گرووپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا دەستی پێکردووە. ئەو هەڵمەتە داگیرکارییە فراوانخوازییە، هاونیشتمانییانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کە بە "رۆژهەڵات و باکووری سووریا"ش ناو دەبرێت کردووەتە ئامانج".
 
هێمن حەسیب، سەرنووسەری گۆڤاری تۆپزاوە و یەکێک لە بەشدارانی راگەیێندراوەکە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامانجی بانگەوازیی ئێمە یەکدەنگی نەتەوەییە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ ئەم دۆخە هەستیارەی رۆژئاوای کوردستان".
 
ئەو چالاکڤانە کە کارەکانیان تایبەتە بە جینۆساید گوتی، کۆدەنگی حیزبەکانیش ئامانجی تەواوی رێکخراوەکانە و داوای سەرەکییانە. گوتیشی، "لەنێوخۆی رۆژئاوای کوردستانیشدا یەکدەنگی حیزبەکان پێویستییەکی لەپێشینە و سەرەکییە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم پێشهاتە مەترسیدارە زەنگی سەرەتایەکی روونە بۆ جینۆساید، قڕکردن و لەنێوبردنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. لە وەها دۆخێکیشدا، ئەرکی هەموو دەستەبژێری سیاسی، حیزب، لایەنە کوردستانییەکان، هەموو هاووڵاتییەکی کورد و هەموو ئازادیخوازێکە رێگری لە داگیرکاری بکات و دژ بەو شەڕەنگێزی و فراوانخوازییەی تورکیا بووەستێتەوە".
 
رێکخراوەکان داوا لە نووسەران، چالاکڤانان و هەموو هاونیشتمانییان لە چوار پارچەی کوردستان دەکەن "رۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن" لەپێناو ئاشتی و ژیانێکی شایستەدا بۆ رۆژئاوای کوردستان.
 
لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکان و بەپێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (24)ـی ساڵی 2014، پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر رۆژئاوای کوردستان لە دابینکردنی خۆراک و داودەرمان و پێداویستی مرۆیی جێبەجێی بکات".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئەو چالاکڤانانە دەڵێن، "نابێت جینۆساید دووبارە ببێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداری بە هەموو لایەك دەدەین کە ئامانجەکانی رژێمی تورکیا، زەنگی سەرەتایەکی روونە بۆ جینۆساید، قڕکردن و لەنێوبردنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا".
 
ئەو چالاکڤان، نووسەر و رێکخراوانەی بەشدارن لە راگەیێندراوەکەدا:
 
1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید - KWG
2- گۆڤاری تۆپزاوە تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
3- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانییان و جینۆسایدكراوان
4- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
5ـ رێكخراوی قەدەخەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
6- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
7- تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان له پێناو دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی - koncicc
8- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
9-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان 
10-رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ
11-  رێكخراوی چاودێری كوردۆساید - چاك
12- رۆژنامەی نوگرەسەلمان
13- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
14- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
15- رێکخراوی داکۆکی لە قوربانییانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
16- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكڤانی بواری جینۆساید
17ــ عەلی مەحموود ــ نووسەر و چالاكڤانی بواری جینۆساید
18- عەدالەت عومەر ــ نووسەر و لێكۆڵەری بواری جینۆساید
19- محەممەد حەمەساڵح تۆفیق ــ نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
20- د. ئیبراهیم مەلازادە ــ نووسەر و لێكۆڵەری بواری جینۆساید
21- شاخەوان شۆڕش ــ نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
22- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو
23- ئەحمەد مەجید ــ چالاکڤانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو
24- هەژار هۆشیار ــ لێکۆڵەری بواری جینۆساید
25- خەلیل رەحیم ــ چالاکڤانی بواری جینۆساید
26- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید
27- حەمە زرنگ ــ چالاکڤانی بواری جینۆساید
28- هابیل ئەحمەد کەریم ــ بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال
29- گەردە مامە حەمە ــ چالاکڤانی بواری مافی مرۆڤ
30- دلێر کەریم ــ نووسەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤ
31- ئیبراهیم هەورامانی ــ نووسەری بواری جینۆساید
32- سالار مەحموود ــ نووسەری بواری جینۆساید
33- هۆشیار مرادخان ــ نووسەری بواری جینۆساید
34- رۆشنا جەمال مەحموود ــ چالاکڤان و پسپۆڕی جینۆساید
35-  ئارام هەڵەدنی ــ نووسەر و رۆژنامەنووس
36- رەشید عەلی سەعید ــ نووسەر لەبواری جینۆساید
37- مەلاشاخی ــ نووسەر لەبواری جینۆساید
38- گوڵناز عەزیز ــ نوسەری بواری جینۆساید
39- قاسم کازم ــ چالاکڤانی بواری جینۆساید
40- ناجی تالیب ــ چالاکڤانی بواری جینۆساید
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە