رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ئەمڕۆ مووچەی ئەو مامۆستایانە دابەشناکرێت. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "لەم هەفتەیەدا مووچەکانیان وەردەگرن."
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024 عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی بە پێی لیستی مووچە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت (ئەوانەی لە دەرەوە هەژماری من وەری دەگرن)، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانەوە پێیان گوتین کە ئەمڕۆ مامۆستایانی گرێبەست مووچەکانیان وەرناگرن."
عەلی رەئووف گوتی، "تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مانگەکانی 7 و 8ـی ئەم ساڵیشی نەداوە کە ئەو کات گرێبەست بوون".
هاوکات سەرچاوەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشناکرێت. ئەو مامۆستایانە مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، بەڵام هەر لەم هەفتەیەدا مووچەیان وەردەگرن."
ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی وەزارەتی پەروەردە کە خاوەنی کارتی (هەژماری من)ن لە چەند رۆژی رابردوودا مووچەیان وەرگرت. مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکەی سەر بە وەزارەتەکە بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 21ـی 12، مووچەکانیان وەردەگرن.
رۆژی سێشەممە 17-12- 2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ