لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایەکی ئایینی بە سێ ساڵ بەندکردن سزادرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، مەلایەکی کورد بە "تۆمەتی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی" لەلایەن دادگەی تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکانی شاری ورمێوە، سزای سێ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
 
مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی گوتارخوێنی مزگەوتی "چوار یار نەبی" پیرانشار تۆمەتبار کراوە کە "دژایەتیی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران"ـی کردووە، بۆ پشتگیری لە بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی خەڵکی هانداوە و بەیاننامەی مامۆستایانی کوردستانی بۆ پشتگیری لەو ناڕەزایەتییانە واژۆ کردووە.
 
رۆژی 31-1-2023 ئیبراهیم سەلیمی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار کرا و لەوێ دەستبەسەرکرا، دواتر بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کرا.
 
ئەو مامۆستایە دواتر گوازرایەوە زیندانی شاری ورمێ لەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بوو، لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری بێبەش بوو.
 
مامۆستا ئایینیەکە رۆژی 20-02-2023 بە پێدانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.
 
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا کە بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئایینی، پشتیوانییان بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی، گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەوان زۆر زیادی کردووە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆری مامۆستا دەستبەسەر کراون و حوکمیان بەسەردا سەپێنراوە.
 
بەپێی راپۆرتی مانگی 6ـی ئەم ساڵی تۆڕی مافی کوردستان، لە ساڵی رابردووی هەتاویدا لانیکەم 29 مامۆستا و کەسایەتیی ئایینیی سوننە مەزهەب و یارسان لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ دەستبەسەر کراون، 17 مامۆستای دیکە بانگکراون و چوار کەسیشیان سزایان بەسەردا سەپێنراوە.