دەم پارتی داوا لە لەیلا زانا دەکات ببێتە بەربژێری سەرۆک شارەوانیی ئامەد

21-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەیلا زانا، سیاسەتڤانی ناسراوی کوردی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی ئامەد پێشنیاز کردووە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی، لەیلا زانا، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد، بۆ هاوسەرۆکایەتی هەردوو گەورەشارەوانیی ئامەد و ئیستەنبووڵ پێشنیازکردووە. 
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دەم پارتی پێشنیازەکەیان خستووەتە بەردەم لەیلا زانا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی پێشنیاز و داواکەی نەداوەتەوە. 
 
رووداو زانیوویەتی، بەمنزیکانە شاندێکی باڵای دەم پارتی سەردانی لەیلا زانا دەکەن و بەفەرمی داوای لێدەکەن بەربژێربوونی لەسەر لیستی دەم پارتی قبووڵ بکات بۆ هاوسەرۆکایەتیی یەکێک لە گەورەشارەوانییەکانی ئامەد یان ئیستەنبووڵ، پێش کۆتاییهاتنی وادەی دیارکراو کە 25ـی ئەم مانگەیە.  
 
رۆژی 19ـی مانگ، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەم پارتی بڕیاریدا لە شارە گەورەکانی تورکیا وەک ئیستەنبووڵ، ئادانا، ئەنتاڵیا، مەرسین، ئایدن، کۆنیا، کۆجائێلی، ئیزمیر، مانیسا، چاناککالە و تەکیرداغ بەربژێری خۆی هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی پێشکێشکردنی بەربژێربوون بۆ 25ـی مانگ درێژکردەوە کە دوایین وادە دەبێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بدرێت هەڵسەنگاندن بۆ لیستی بەربژێرەکان بکات تا لە وادەی دیاریکراویدا پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکات. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
 
لەیلا زانا
 
1961 لە شارۆچکەی فارقین لە ئامەد لەدایکبووە
لە تەمەنی 21 ساڵیدا ژیانی هاوژینی لەگەڵ مەهدی زانا سەرۆکی گەورەشارەوانی پێشووتری ئامەد پێکهێنا
لە کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلوولی 1980 مەهدی زانا بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانیکرا 
1987 یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندەکەی لە ئامەدە
1988 رۆژنامەی یەنی ئولکەی دامەزراند و خۆی سەرنووسەری بوو
1991 لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراسی گەلان SHP لە بازنەی ئامەد بووە پەرلەمانتار
لە رێوڕەسمی سوێندخواردنیدا بەهۆی بەستنی ملپێچی رەنگ زەرد و سوور و سەوز و بە کوردی سڵاوکردن، رەخنەی تووندی لێگیرا 
1994 بەهۆی گوتارێکی لە ئەمریکا، پارێزبەندی لە خۆی، ئەحمەد تورک، ئۆرهان دۆغان، خەتیب دیجلە، سری ساکیک و مەحموود ئاڵنیئاک سەندرایەوە 
هەمان ساڵ بەتۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا
نامەکانی لەیلا زانا لەناو زیندان کراونەتە کتێب
بەهۆی گوشارەکانی دادگەی باڵای مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا، لەیلا زانا رۆژی 8ـی حوزەیرانی 2004 دوای 10 ساڵ زیندانیکردن ئازادکرا
سێ خولی دیکە لە بازنەی ئاگری بووە پەرلەمانتار و دوایینجار بەهۆی ئەوەی وەکو دەقی نووسراو، سوێندی یاسایی نەخوارد، لە پەرلەمانتاری لادرا
دایکی دوو منداڵە 
ئێستا هیچ پۆستێکی حکومی و حیزبی نییە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە